رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەى موقتەدا سەدر، سەرۆکى رەوتى نیشتمانى شیعە لایەنگرانى ئەو رەوتە ئاگاداردەکاتەوە کە تاوەکو کاتێکى نادیار وەرگرتنى پرسیار رادەگرن. لەو کاتەدا تەنیا وەڵامی ئەو پرسیارانە دەداتەوە کە بۆی نێردراون.
نووسینگەى سەدر لە روونکردنەوەکەدا کە پێنجشەممە، 13ی شوبات بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەى بەوە داوە، بەهۆى زۆریی ئەو پرسیارانەى وەرگیراون لە سەرجەم بوارەکاندا، بڕیار دراوە تاوەکو کاتێکى نادیار وەرگرتنى پرسیار رابگرن.
رۆژانە موقتەدا سەدر لە رێگەى نووسینگەکەیەوە وەڵامى ئەو پرسیارانە دەداتەوە کە لایەنگرانى ئاڕاستەى دەکەن، پرسیارەکان تایبەتن بە پرسە ئاینى و کۆمەڵایەتییەکان.
نووسینگەى موقتەدا سەدر لەبارەى ئەو پرسیارانەى پێشتر وەریانگرتووە، دەڵێت: "بەردەوام دەبین لە وەڵامدانەوەیان، بە گوێرەى خشتەیەک کە پێشتر بڕیارى لێدراوە".
موقتەدا سەدر وەڵامى چەند پرسیارێکى داوەتەوە کە پێشتر ئاڕاستەى کراون، لەوانە وەستایەکى بەستنى دەفرى وەرگرتنى شەپۆلى کەناڵەکان (سەتەلایت) پرسیاری ئاراستە کردووە، کە گوایە ئەو کەسانەى کاریان بۆ دەکات داواى لێدەکەن رووى ئەو دەفرە ئاراستەى مانگى ئیمۆس بکەن، کە بەگوێرەى پرسیارەکە مانگێکى "زایۆیینە" بۆ پەخشکردنى یارییە وەرزشییەکان و دەپرسێت چى بکات لەگەڵ ئەو دۆخە.
لە وەڵامدا موقتەدا سەدر دەڵێت: "ئەوە قەدەخەیە و پاڵپشتى تاوانکارییە".
یەکێک لە پرسیارەکانى دیکە تایبەت بوون بە وەرگرتنى مووچە لە رێگەى کارتى ئەلیکترۆنى کە ئایا دەتوانن لە رێگەى نووسینگەکانى دراو وەریبگرن، موقتەدا سەدر دەڵێت" ئەگەر سووى نەخرێتە سەر کێشەى نییە یان ئەو نووسینگەیە بەشێک نەبێت لە پاڵپشتیکاریى گەندەڵى".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ