بڕیارەكانی "لیژنەی كاروباری باكووری عێراق"ی رژێمی بەعس هێشتا جێبەجێدەكرێن

13-07-2013
ئاسۆ فیشەگی
نیشانەکردن عێراق
A+ A-
رووداو-بەغدا

پاش تێپەڕبوونی ١٠ ساڵ بەسەر رووخانی رژێمی پێشووی عێراق و هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی لیژنەی كاروباری باكوور لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە، هێشتا بڕیارەكانی ئەو لیژنەیە، كە بە بڕیاری ئەنجوومەنی سەركردایەتی بەعس پێكهێنرابوو كارایەو جێبەجێدەكرێن، بە تایبەت لە پارێزگای كەركووك.

هەرچەندە بڕیارەكانی لیژنەی كاروباری باكووری عێراق پێشتر بە بڕیارێكی ئەنجوومەنی وەزیران هەڵوەشێنرانەوەو سەرەڕای ئەوەی جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە پێویستی بە یاساو رەزامەندی هیچ دەسەڵاتێكی دیكە نییە لە عێراق، بەڵام لەتیف شێخ مستەفا، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق بە (رووداو)ی راگەیاند: "بڕیارەكانی ئەو لیژنەیە هێشتا كاریان پێدەكرێ و جێبەجێدەكرێن، بە تایبەت لە پرسی زەوتكردنی زەوییە كشتوكاڵییەكانی كەركووك كە پێشتر بە شێوەی گرێبەست دراوەتە عەرەبە هاوردەكانی ئەو پارێزگایە".

گوتیشی: "هۆكاری جێبەجێنەكردنی بڕیارەكەی ئەنجوومەنی وەزیران دەكەوێتە ئەستۆی هەردوو لیژنەی جێبەجێكارو پەرلەمانیی ماددەی ١٤٠، كە دەبێ لە وەزارەتی دادی عێراق لە بارەی ئەم پرسە بكۆڵنەوەو وەزیر بانگهێشتی پەرلەمان بكەن و لێپرسینەوەی لە گەڵ ئەنجام بدەن".

ئەمە لەكاتێكدایە نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركوك حەسەن شمەری، وەزیری دادی عێراقی بە پاڵپشتیكردن و جێبەجێكردنی بڕیارەكانی لیژنەی كاروباری باكوور و پاڵپشتیكردنی سیاسەتەكانی سەدام حوسێن تۆمەتباركرد بەهۆی رێگریی شمەری لە جێبەجێكردنی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەموو بڕیارەكانی لیژنەی كاروباری باكوور بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بە پرسی موڵكە كێشەلەسەرەكانەوە هەیە لە كەركوك.

موحسین سەعدون، سەرۆكی لیژنەی ماددەی ١٤٠ی دەستوور لە پەرلەمانی عێراق بە (رووداو)ی راگەیاند:"وەك لیژنەی سەرپەرشتیكردنی ماددەی ١٤٠ پێشتر لیژنەی جێبەجێكردنی ماددەكەمان ئاگاداركردەوە كە دەبێ كار بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی لیژنەی كارووباری باكوور بكەن، بۆیە لیژنەكە نووسراوێكی لەو بارەوە بۆ نوری مالیكی رەوانە كرد، بەڵام لە كاتی دوایین سەردانی مالیكی بۆ كەركووك عەرەبەكانی ئەو پارێزگایە داوایان لە مالیكی كرد لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی لیژنەی كاروباری باكوور پاشگەز بێتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی لیژنەكە لە وەزارەتی داد چەقی بەستووەو وەزیری داد حەسەن شمەری رازی نییە رەوانەی لیژنەی ماددەی ١٤٠ی بكات".

لەنێوان بڕیارەكانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و بەڵێنی لیژنەی پەرلەمانی ماددەی ١٤٠ لە لایەكەوەو فشارو هەڕەشەی عەرەبەكان لە كەركوك، كوردو توركمانەكانی كەركوك چاوەڕوانی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی لیژنەی كاروباری باكوور دەكەن بۆ بەدەستهێنانەوەی زەوییە كشتوكاڵییەكانیان.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە