سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی مووچە کۆدەبنەوە

13-01-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکانى پەرلەمانى عێراق لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانى کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنى پرسى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان.
 
ئەنجامدانى ئەو کۆبوونەوەیە لە کۆبوونەوەیەکدا بڕیارى لێدراوە کە دوێنێ یەکشەممە 12ى کانوونى دووەمى 2025 لەنێوان سەرۆکى فراکسیۆنە کوردستانییەکان و شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگرى دووەمى سەرۆکى پەرلەمانی عێراق لە بەغدا کرا.
 
سۆران عومەر، سەرۆکى فراکسیۆنى کۆمەڵى دادگەریى کوردستان کە بەشدار بووە لە کۆبوونەوەکەدا بە رووداوى راگەیاند، "ئەو پێشنیازە لە کۆبوونەوەکەدا باس کرا، بڕیارە دواى کۆتاییهاتنی سەردانى محەممەد شیاع سوودانى بۆ بەریتانیا، کۆبوونەوەکە بکرێت."
 
بەگوێرەى نووسینگەى رۆژنامەڤانیى سەرۆکوەزیرانى عێراق، ئێوارەى ئەمڕۆ دووشەممە 13ى کانوونى دووەمى 2025 سوودانى سەردانى بەریتانیا دەکات، بەڵام ئەوە روون نەکراوەتەوە کە سەردانەکە چەند رۆژ دەخایێنێت.
 
پشکى پارەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لە بودجەى گشتى عێراق زیاتر لە 11.5 تریلیۆن دینارە.
 
وەزارەتى دارایی فیدراڵى دەڵێت، بۆ ساڵى 2024 تەواوى پارەى مووچەى ناردووە، لە کاتێکدا وەزارەتى دارایی و ئابووریى هەرێمى کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، بەغدا 10.7 تریلیۆن دینارى بۆ مووچە ناردووە.
 
بەگوێرەى روونکردنەوەیەکى وەزارەتى دارایی فیدراڵ کە 12ى کانوونى دووەمى 2025 بڵاوی کردەوە، لەسەر بنەماى راپۆرتى تەرازووى پێداچوونەوە (داهات و خەرجى)، داهاتى نانەوتى هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى 2024، چوار تریلیۆن و 350 ملیار دینار بووە.
 
یاسای بودجەى گشتیی سێ ساڵەى عێراق، ناردنى پشکى هەرێمى کوردستانى لە لایەن بەغداوە پەیوەست کردووە بە رادەستکردنى داهاتى ناوخۆیی هەرێمى کوردستان. پار هەرێمى کوردستان بە پێنج گوژمە 399 ملیار دینارى وەک داهاتى ناوخۆ رادەستى بەغدا کرد.
 
فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان مووچەى 11 مانگی ساڵی 2024یان وەرگرتووە و هەرێمى کوردستان ئۆباڵى دابەشنەکردنى مووچەی مانگی 12 دەخاتە ئەستۆى وەزارەتى دارایی فیدراڵ، بەوەى بەغدا بۆ نەناردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە