لە هەڵبژاردنى داهاتووی پەرلەمانى عێراقدا چەند پارێزگایەک دەکرێن بە دوو بازنە

13-01-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بۆ هەڵبژاردنى ئەم ساڵى پەرلەمانی عێراق، دوو ساڵ تەمەنى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان درێژکرایەوە، ئێستا کار لەسەر هەموارى یاسای هەڵبژاردن دەکرێت، بە جۆرێک هەندێک پارێزگا بکرێن بە دوو بازنە و رێگرى بکرێت لەوەى دەنگى زیادەى بەربژێرێک، کەسانى دیکە بباتە پەرلەمان.
 
درێژکردنەوەى تەمەنى ئەندامانى ئەنجوومەنى کۆمیسیۆن لە 8ى کانوونى دووەم لەلایەن ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق، بڕینى قردێلەى ئامادەکارییەکان بوو بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، کە بڕیارە لە مانگى تشرینى یەکەمى ئەم ساڵ بکرێت.
 
ئەوە سێیەم جار بوو ئەندامانى ئەو ئەنجوومەنە تەمەنى کارکردنیان بۆ درێژ بکرێتەوە، دوو جارى پێشوو لە رێگەى هەموارى یاساى کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگا و پەرلەمانى کوردستان، کە لە پەرلەمانى عێراقەوە کران.
 
ئەم کۆمیسیۆنەى ئێستا لە 2020 دەستبەکار بوو، لە 7ى کانوونى یەکەمى 2024 ماوەکەى تەواو دەبوو، دوو جار درێژکردنەوەى شەش مانگی، تەمەنى گەیاندە 7ى کانوونى دووەمى 2025، بەڵام کۆمیسیۆنێکى دیکە هەڵنەبژێردرا.
 
سەلام زوبەیدى، گوتەبێژى هاوپەیمانیى نەسر، کە یەکێکە لە پێکهێنەرانى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى، لە بەشداریکردنى لە پۆدکاستى رووداوى عێراق گوتى، "پێکهێنانى ئەنجوومەنێکى نوێ بۆ کۆمیسیۆن پێویستى بە کاتە، جارێکى دیکە دەگەڕێینەوە سەر بەربژێرکردن لەلایەن پارت و پێکهاتەکانەوە، پشکپشکێنە لەو پرسەدا مەترسیدارە و قبووڵ نەکراوە، تەنانەت مەترسییشە لەسەر پرۆسەى سیاسی."
 
 
کاراکردنەوەى کۆمیسیۆن وەکو ئەوەى لە بڕیارى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریدا هاتووە، بۆ هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى عێراقە.
 
بەگوێرەى بڕگەى دووەمى مادەى 56ى دەستوور، دەبێت هەڵبژاردنى پەرلەمان 45 رۆژ بەر لە کۆتاییهاتنی خولی پەرلەمان بکرێت، یەکەم کۆبوونەوەى ئەم خولەى پەرلەمانى عێراق لە 09-01-2022 کرا، بەو پێیەش نابێت هەڵبژاردنى ئەم ساڵ لە 29-11-2025 تێپەڕ ببێت.
 
ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردن هاوکاتە لەگەڵ هەنگاونان بەرەو هەموارکردنى یاسای هەڵبژاردن لەدواى دوو ساڵ لە هەموارکردنى.
 
بە گوتەى سەلام زوبەیدى، لەنێو چوارچێوەى هاوئاهەنگى و هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەتدا، گفتوگۆ لەسەر هەموارى یاساى هەڵبژاردن کراوە، لەوانەش پارێزگایەک تەنیا یەک بازنە نەبێت بەگوێرەى سرووشتى پارێزگاکە، لەوانەش بەغدا و نەینەوا هەریەکەیان بکرێن بە دوو بازنە، لایەنێکى دیکەى هەموارەکە ئەوەیە، ئەو بەربژێرەى زۆرترین دەنگى شارەکەى بەدەستهێنا، تەنیا خۆى سەردەخات و بەربژێرى دیکە لەگەڵ خۆى ناباتە پەرلەمان.
 
هەڵبژاردنى 2021ى پەرلەمانى عێراق بۆ یەکەمجار بە شێوازێک بوو کە هەر پارێزگایەک چەند بازنەیەکى هەڵبژاردن بوو، لە 2023 پەرلەمانی عێراق ئەو شێوازەى هەڵوەشاندەوە و هەموو عێراقى کرد بە 18 بازنە بەپێى پارێزگاکان.
 
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە رووداوى راگەیاند، "بۆ هەڵبژاردن کۆمیسیۆن پێویستى بە شەش مانگ ئامادەکارییە، هەر هەموارێک لە یاساى هەڵبژاردن هەبێت، دەبێت بەر لەو شەش مانگە بکرێت."
 
یەکشەممە 12ى کانوونى دووەمى 2025 بە زۆرینەى دەنگى ئەندامانى ئەنجوومەنى کۆمیسیاران، عامر موسا حوسێنی وەکو سەرۆکى بەڕێوەبردنى هەڵبژاردنى ئەو کۆمیسیۆنە دیاریکرا، وەکو هەنگاوى دەستپێک بۆ بەڕێوەبردنى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق.
 
هەر هەنگاوێک بۆ دواخستنى هەڵبژاردن رووبەڕووى بەربەستى بڕیارێکى دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق دەبێتەوە.
 
ساڵى 2018 پەرلەمانى عێراق داواى شرۆڤەیەکى لە دادگەى فیدراڵى کرد، "ئایا دەتوانن هەڵبژاردن دوابخەن؟" ئەو دادگەیە رەتیکردەوە بتوانرێت هەڵبژاردن دابخرێت، بە پاساوى ئەوەى وادەکەى لە دەستووردا جێگیر کراوە کە 45 رۆژ بەر لە کۆتاییهاتنى خولى پەرلەمانە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە