لایەنە ناکۆکەکانی نەینەوا دوو کۆبوونەوەیان کردووە و رێکنەکەوتوون

12-09-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە، بێ پارتی دیموکراتی کوردستان لایەنە ناکۆکەکانی نێو ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دوو کۆبوونەوەیان کردووە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هەڵبژاردنی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان؛ بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن. 
 
بێ بەشداری فراکسیۆنی نەینەوای یەکگرتوو، رۆژی 02-07-2024 ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گۆڕانکاری لە ژمارەیەک پۆستی کارگێڕی کرد.
 
دوای ئەو گۆڕانکارییانە، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوو. بەرەی یەکەم بریتییە لە فراکسیۆنی نەینەوای یەکگرتوو کە لە بەشێکی سوننەکان و پارتی پێکهاتووە و لەدوای گۆڕانکارییەکانەوە دانیشتنەکانی ئەنجوومەنیان هەڵپەساردووە. بەرەی دووەم بریتییە لە فراکسیۆنی نەینەوای داهاتوو کە 16 کورسی هەیە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بەشێکە لێی.
 
ئەحمەد دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتیی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، رۆژی پێنجشەممە، 12-09-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئاگاداریین دوو کۆبوونەوە کراوە؛ بەڵام پارتی بەشداری کۆبوونەوەکانی نەکردووە، تاوەکو ئێستا ئامادەنییە بەشداربێت."
 
دووبەردانی گوتی: "کۆبوونەوەکان لەنێوان فراکسیۆنی نەینەوا لیئەهلیها (بەشێکی سەرەکی فراکسیۆنی نەینەوای یەکگرتووە)  و فراکسیۆنی نەینەوای داهاتووی سەر بە چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەکان بووە".
 
هەر لەوبارەوە هیشام هاشمی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی نەینەوای یەکگرتوو، رۆژی پێنجشەممە، 12-09-2024  بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، گفتوگۆکان بەردەوامن، هەنگاوی باشیان بڕیوە، نزیکن لەوەی رێکبکەون.
 
لە رۆژی 30-05-2024ـەوە دەرگای بەربژێربوون بۆ پۆستی قایمقامەکانی تلکێف و تەلەعفەر لەگەڵ بەڕێوەبەری ناحیەکانی رەبیعە، مەحلبییە، شۆرە و باشیک کرایەوە و رۆژی 06-06-2024 وادەکە کۆتاییهات. لە 28ی ئاداریشەوە تاوەکو 14ی ئایار دەرگاى خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستى قایمقامى شنگال کرایەوە و 10 کەس سیڤیی خۆیان بۆ لیژنەیەکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا نارد.
 
بە گوتەی هاشمی،  بڕیارە ئەو گۆڕانکاریانە پەسند بکرێن، کە پێشوەخت دەرگای بەربژێربوونیان بۆ کراوەتەوە، ئەوانی دیکەش هەڵبوەشێتەوە و دەرگای بەربژێربوونیان بۆ بکرێتەوە.
 
چوارشەممە، 11-09-2024 فراکسیۆنی نەینەوای داهاتوو، کە لە چوارچێوەی هاوهەنگی و هاوپەیمانەکانی پێکهاتوون، رێژەی یاسایی پێویستیان کۆکردەوە کە 16 ئەندامە و کۆبوونەوە، بەڵام لە کۆبووەنەوەکەدا هیچ بڕیارێکیان نەدا.
 
 ئەحمەد حاسوود، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی، بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە گرنگ بوو؛ بەڵام لەبەر لایەنی بەرامبەر دوایانخست و هیچ بڕیارێکیان نەداوە.  راشیگەیاند: "گفتوگۆ لەگەڵ فراکسیۆنی نەینەوا لیئەهلیها دەستیپێکردووە. پشتیوان بەخوا دەگەنە چارەسەر، کە جێگەی رەزامەندی هەمووی فراکسیۆنە سیاسییەکان دەبێت. داوا لە هەموو فراکسیۆنەکانیش دەکەین بەشداری  کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەن بکەن."
 
یەکێتی کە دوو کورسیی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هەیە، سێ پۆستی وەرگرتووە کە بریتین لە قایمقامی مەخموور، بەڕێوەبەری ناحیەی سنوونێ و بەرێوەبەری ناحیەی وانکێ. ئەو پۆستانە لە دەست پارتی دیموکراتی کوردستانن کە ئەو گۆڕانکاریانە رەتدەکاتەوە. تاوەکو ئێستاش گۆڕانکارییەکان نەچوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
 
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە 29 ئەندام پێکهاتووە کە سێیان کۆتان (کریستیان، کوردی ئێزدی و کوردی شەبەک). پارتی دیموکراتی کوردستان 4 ئەندام و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 2 ئەندامی لە ئەنجوومەنەکەدا هەیە.
 
گۆڕانکارییەکانی بەم شێوەیە بوون:
 
 - قایمقامی قەزای شنگال
- قایمقامی قەزای حەزەر
- قایمقامی قەزای مەخموور
- قایمقامی قەزای حەمدانییە
- قایمقامی قەزای تلێکف
- قایمقامی قەزای تەلەعفەر
- قایمقامی قەزای بەعاج
 
- بەڕێوەبەری ناحیەی شۆرە
- بەڕێوەبەری ناحیەی باشیک
- بەڕێوەبەری ناحیەی نەمروود
- بەڕێوەبەری ناحیەی قەراج
- بەڕێوەبەری ناحیەی گەیارە
- بەڕێوەبەری ناحیەی تەل
- بەڕێوەبەری ناحیەی بەرتەللە
- بەڕێوەبەری ناحیەی سنوونێ
- بەڕێوەبەری ناحیەی عیازییە
- بەڕێوەبەری ناحیەی زوممار
- بەڕێوەبەری ناحیەی وانکێ
- بەڕێوەبەری ناحیەی حەمام عەلیل
 

 

 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی فیدراڵیی عێراق

دادگەی فیدراڵیی عێراق پشتیوانی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی راگەیاند

دادگەی فیدراڵیی عێراق لە روونکردنەوەیەکدا پشتیوانی لە پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای باری کەسی دەکات و دەڵێت، "دەستوور رێگەی بە گەلی عێراق داوە لە رێکخستنی کاروباری کەسییان بەپێی ئایین یان مەزهەب یان بیروباوەڕ بێت و نابێت ئەو مافە سنووردار یان قەدەخە بکرێت."