رووداو دیجیتاڵ
لە دیالە کە ناڕەزایەتیى هۆزێک هەڕەشەیە لەسەر کارابوونى حکومەتە خۆجێییەکەى، کورد دەیەوێت 20%ى پۆستەکانى وەربگرێت. تەنیا ئەندامەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش لە ئەنجوومەنى پارێزگاکە دەڵێت، "رێککەوتن کراوە" و، دۆخى ناوچە کوردستانییەکانی پارێزگاکە دەخرێتە قۆناخى دووەمى دانوستاندن.
6ى ئاب لە بەعقوبەى ناوەندى پارێزگاى دیالە و لە قەزاى شارەبانى ئەو پارێزگایە، هۆزى تەمیم خۆپێشاندانیان کرد و فەرمانگە حکومییەکانیان داخست.
یەکێک لە خۆپێشاندەرانى ئەو هۆزە لە بەعقوبە گوتى، "ئەگەر هەر 4 منداڵەکەم لەنێوبچن، ناکشێمەوە. سوێند بە ئیمام عەباس ناکشێمەوە."
ئەو هەڵوێستەى تەمیمییەکان دواى ئەوە هات کە 1ى ئاب لە کۆى 15 ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگا، 13یان لە بەغدا کۆبوونەوە و حکومەتى خۆجێیی پارێزگاکەیان پێکهێنا، ئەوەش دواى زیاتر لە 8 مانگ لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگا.
موسەننا تەمیمى، پارێزگارى پێشوو کە ئێستا لە فراکسیۆنى دیالەتونا ئەندامى ئەنجوومەنە و بەربژێر بوو بۆ وەرگرتنەوەى پۆستى پارێزگار، ئامادەى ئەو کۆبوونەوەیە نەبوو.
بەشێک لە هۆزى تەمیم دەیانویست موسەننا جارێکى دیکە لەسەر کورسیی پارێزگاری دیالە بمێنێتەوە.
ئەوس مەهداوى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە لە فراکسیۆنى یەکێتى لەکاتی بەشداریکردنى لە پۆدکاستى (رووداوى عێراق) گوتى، "هۆزى تەمیم یەکێکە لە گەورەترین هۆزەکانی دیالە و 4 هەزار شەهیدى داوە و ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت".
دیارترین کەسی سەر بە هۆزى تەمیم کە پۆستى لە حکومەتى خۆجێیی وەرگرتووە سالم تەمیمی، جێگرى سەرۆکی ئەنجوومەنى پارێزگایە لە هاوپەیمانیی ئیستیحقاقی دیالەی سەر بە عەسائیبی ئەهلى حەق.
بە گوێرەى رێککەوتنى نێوان هێزە شیعەکان، پارێزگارى دیالە پشکى دەوڵەتى یاسا بوو کە نوورى مالیکى سەرۆکایەتى دەکات و عەدنان شەمەرى پارێزگار سەر بەو هاوپەیمانێتییەیە.
زیاد دەلۆیی، ئەندامى پێشووى ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە لەکاتی بەشداریکردنى لە پۆدکاستى (رووداوى عێراق) گوتى، "ململانێیەکانى دیالە حیزبین.گرووپى چەکدارى ناسراو هەیە کە هەوڵیان دەدا بەربەست بخەنە بەردەم پێکهێنانى حکومەتەکەی، چونکە بەرژەوەندییەکانیان دەکەونە مەترسییەوە".
لەنێو هێزە کوردستانییەکاندا تەنیا یەکێتى ئەندامێکى ئەنجوومەنى هەیە کە ئەویش عەرەبە، سەرەڕای ئەوەی کورد زیاتر لە 20%ى دانیشتووانی پارێزگاکە پێکدەهێنێت.
ئەوس مەهداوى گوتی، هەمووان لە دیالە رێککەوتوون کە هاوسەنگى لە دابەشکردنی پۆستەکان هەبێت، بەشێوەیەک 40%ى پۆستەکان بۆ شیعە، 40% ى بۆ سوننە و 20%ى بۆ کورد بێت؛ ئاماژەی بەوەشکرد، لەهەوڵدان رێژەکە بۆ 25% زیادبکەن.
ئەوس مەهداوى لەبارەى دۆخى ئەمنیى ناوچە کوردستانییەکان لە سنووری دیالە گوتى، " دواى وەرگرتنى پشکى کورد لە پۆستەکان، قسە لەسەر ئەو بابەتە دەکەین".
لە 15 کورسییەکەى ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە، سوننە 7 کورسی هەیە، شیعەکان 7 کورسییان هەیە و یەکێتیش کورسییەکەی دیکەی هەیە.
ئەو دۆخەى دیالە ئەگەر هەیە گەڕێکى دیکەى ململانێ لەنێوان هێزە شیعەکان دروستبکات، ئەگەرچى زۆرینەى کورسیى ئەنجوومەنیان بەدەستەوەیە.
یەکێک لە نوێنەرانى خۆپێشاندەرانی هۆزى تەمیم لە ئۆتۆمبێلێکەوە قسەى بۆ خۆپێشاندەران دەکرد و بە دەنگێکى بەرز دەیگوت، "کاردانەوەى تووند دەبینن؛ یان ئەو پۆستە بۆ تەمیمى دەبێت و دەگەڕێتەوە بۆ موسەنا تەمیمى یان شتێک نابێت بە ناوى حکومەتەوە. ئێمە دیالەمان بونیاتناوە و دەیگەڕێنینەوە خاڵى سفر".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ