رووداو دیجیتاڵ
لیژنەى هەرێم و پارێزگاکانى پەرلەمانى عێراق پێنج تێبینى لەسەر گۆڕانکارییە کارگێڕییەکانى نەینەوا دەداتە ئەنجوومەنى پارێزگاى ئەو شارە، کە گوایە ئەو هەنگاوە لە دەسەڵاتیاندا نییە و دەبووایە بەر لە لادانى بەرپرسەکان لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.
لە نووسراوێکدا، کە بە ناوى سەرۆکى لیژنەى هەرێم و پارێزگاکانى پەرلەمانى عێراق ئاڕاستەى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا کراوە، پێنج تێبینییان لە بارەى ئەو بڕیارانەوە پێدراوە کە بۆ گۆڕین و لادان و دانانى بەڕێوەبەرانى 17 یەکەى کارگێڕى دراون.
رۆژی 2ى تەممووز ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا گۆڕانکاریى لە بەرپرسانى 17 یەکەى کارگێڕى کرد، بەشێکیان لادران و کەسانى دیکە خرانە جێگەیان، هەندێکى دیکەیان پۆستەکانیان چۆڵ بوو، پڕ کرانەوە.
لیژنەکەى پەرلەمانى عێراق ئاماژەی بەوەداوە، بەگوێرەى یاسای پارێزگاکان دانانی قایمقام و بەڕێوەبەرى ناحیە لە دەسەڵاتى ئەنجوومەنى قەزاکاندایە، کە تاوەکو ئێستا هەڵنەبژێردراون، ماوەیەکیش دیارى نەکراوە بۆ هەر یەکێک لەو بەرپرسە کارگێڕیانە کە پۆستەکانیان بمێننەوە و یاساش چارەسەرى ئەو پرسەى نەکردووە.
هەندێک لە بەرپرسانى یەکە کارگێڕییەکان بە پاساوى ئەوەى زیاتر لە چوار ساڵ لەو پۆستانەدان، لەلایەن ئەنجوومەنى پارێزگاوە گۆڕدراون. غەزوان داودى، بەڕێوەبەرى ناحیەى باشیک کە یەکێکە لەو کەسانەى لەپۆستەکەى لادراوە بە رووداوى گوت: "ساڵێکە ئەو پۆستەم وەرگرتووە".
لە نووسراوەکەدا هاتووە: "ناکرێت دەسەڵاتەکانى ئەنجوومەنى پارێزگا بەو شوەیەى کە گرتوتانەتەبەر بەکاربهێنن بۆ لەکارخستنى بەکۆمەڵى سەرۆکى یەکە کارگێڕییەکان".
محەممەد کاکەیی، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "بەگوێرەى یاساى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان و پەرلەمان ئەگەر ئەنجوومەنى قەزا نەبێت، دەسەڵاتەکانى دەدرێتەوە ئەنجوومەنى پارێزگا."
یەکێک لە تێبینییەکانى دیکە لەسەر دەستەواژەى "لەکارخستن" بووە ئەوەى بە "نایاسایی" ناوبردووە و ئاماژەى بەوەداوە، بەگوێرەى یاسا لەسەرکارلادان باسکراوە، ئەوە جگە لەوەى لەسەر کار لادانى هەر بەرپرسێک پێویستى بەوەیە پێشتر لێپرسینەوەى لەگەڵ بکرێت و پرسیارى ئەوە کراوە کە ئایا ئەنجوومەنى پارێزگا ئەو رێوشوێنەى گرتووەتەبەر.
محەممەد کاکەیی گوتى: "ئەو بەرپرسانەى گۆدراون لەسەر بنەماى راسپاردن و کۆتاییهێنان بووە بەو ئەرکەیان بوون، نەک لەسەر کارلادان".
لیژنەکە رایگەیاندووە قایمقام و بەڕێوەبەرى ناحیە پێویستە هەمان مەرجەکانى ئەندامى ئەنجوومەنیان تێدا بێت کە لە یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمان و ئەنجوومەنى پارێزگاکان دیاری کراوە، کە لانیکەم دەبێت 10 ساڵ خزمەتی هەبێت.
یەکێک لە تێبینییەکانى دیکە ئەوەیە کە پێویستە رۆڵى پارێزگار روون بکرێتەوە لە بەربژێرکردنى ئەو کەسانە بۆ سەرۆکى یەکە کارگێڕییەکان کە گۆڕانکارییان تێدا کراوە لەوەى سێ کەس بۆ هەرکام لە پۆستانە بەربژێر بکات.
ئەندامەکەى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا ئاماژەى بەوەدا بەربژێرکردنى سێ کەس لەلایەن پارێزگارەوە بەگوێرەى یاسا بۆ بەڕێوەبەرە گشتییەکانە نەک قایمقام و بەڕێوەبەرى ناحیەکان.
پەسندکردنى ئەو گۆڕانکارییانە پێویستى بە واژووى پارێزگارى نەینەوایە، کە تائێستا ئەو هەنگاوەى نەناوە. محەممەد کاکەیی گوتى: "ئەنجوومەنى پارێزگا بە نووسراوى فەرمى وەڵامى ئەو پێنج تێبینییەى لێژنەى هەرێم و پارێزگاکان دەدەنەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ