عەبادی داوای ئاشكراکردنی ناوی "گەندەڵكاران" لە دەستەی نەزاهە دەکات

11-08-2015
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن حەیدەر عەبادی
A+ A-

رووداو - بەغدا

حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوا لە دەستەی نەزاهەی پەرلەمانی عێراق دەکات ناوی ئەو کەسانەی تۆمەتباران بە گەندەڵی بۆ بەرزبکەنەوە بەمەبەستی لێپرسینەوە لەگەڵیان.

عەبادی هەروەها داوادەکات ناوی ئەو کەسانە رەوانەی فڕۆکەخانە و بازگەکان بکرێت تاوەکو رێگە لە گەشتکردنیان بگیرێت.

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنی پێشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 11-8-2015 ، بەئامادەبوونی 296 پەرلەمانتار و بەكۆی دەنگ رەزامەندی لەسەر پڕۆژە چاكسازییەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەربڕی. 

پڕۆژەكەی حەیدەر عەبادی، جگە لە نەهێشتنی پۆستی جێگرانی سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیران، هەروەها كردنەوەی كەیسی گەندەڵی ئێستا و رابردوو لەژێر سەرپەرشتیی لیژنەی باڵا بۆ نەهێشتنی گەندەڵی بەپێی مەبدەئی " ئەو هەمووەت لەكوێ بوو؟"  25 خاڵ لەخۆدەگرێت و سەرەكیترینیان بریتین لە:

1 - پرۆسەی كەمكردنەوەی وەزارەتەكان و دەستەکان لەماوەی 30 رۆژدا جێبەجێبكرێت و لە قۆناخی یەكەمیشدا 22 وەزارەت بگرێتەوە، بە تێكەڵكردنی ئەو وەزارەتانەشەوە دەستپێبكات كە كارەكانیان هاوشێوەن.

2 - كۆتاییهێنانی دامەزراندنی بە وەكالەت لە پۆستەكان و پێشكەشكردنی پاڵێوراوان بۆ دامەزراندن لە پۆستە باڵاكان لە سەرۆكی دەستەکان، وەكیلی وەزارەتەكان و راوێژكاران بەپێی یاسای دەنگدان لە ماوەیەكدا، كە لە 30 رۆژ تێپەڕنەبێت، ئەمەش بە رەچاوكردنی لێهاتوویی و ئەستۆپاکیی پاڵێوراوان.

3 - كۆتاییهێنان بە دۆسییەی دامەزراندن بە وەكالەت لە پۆستە سەربازییەكان و ئەمنییەكان و، پێشكەشكردنی پاڵێوراوان بۆ پۆستەكانی سەرۆكایەتی ئەركانی سوپا و یاریدەدەرەكانی و سەرۆكی فریقە و سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی نیشتیمانی، سەرۆكی دەزگا ئەمنییەكان لەماوەیەك كە لە 30 رۆژ تێپەڕنەكات.

4 - دەستكردن بە پرۆسەی كەمكردنەوە لە سەرۆكایەتییەكان، وەزارەتەكان، دەستە و لایەنە ناپەیوەندیدارەكان بە وەزارەت، لەڕێگەی تێكەڵكردنی ئەو بەڕێوەبەریایەتییانەی كە دەكرێت تێكەڵبكرێن لەپێناو باشتركردنی بەڕێوەبردنیان.

5 - داواكردن لە سەرۆكوەزیران بۆ ئەوەی هەریەكە لە وەزیری كارەبا، وەزیری سەرچاوە ئاوییەكان و، هەموو ئەو كەسانەی كە كەمتەرخەمییان لە كارەكانیاندا كردووە و بەسەریاندا ساخبووەتەوە، لە بەڕێوەبەردنی وەزارەتەكان لەسەر کارەکانیان لابدرێن.

6- لەسەركارلادانی ئەو ئەندام پەرلەمانانەی كە بەبێ هۆكار لە سێ دانیشتنی پەرلەمانیدا ئامادەنەبوون لە یەک وەرزی یاسادانان، پێداچوونەوە بە كاری سەرۆكی دەستەکان و گۆڕینیان ئەگەر دەرکەوت بەباشی كاری دەستەکانیان بەڕێوەنەبردووە.

7 - كەمكردنەوەی ژمارەی پاسەوانی بەرپرسان بۆ نیوەی ژمارەكەیان بەبێ جیاوازی و لەماوەی 15 رۆژدا.

8 - ئەو كەسانەی خاوەن پۆستن و دوو رەگەزنامەیان هەیە دەبێت لەماوەی 30 رۆژدا یان دەستبەرداری پۆستەكەیان یان دەستبەرداری رەگەزنامە بیانییەكەیان.

9 - دەستپێكردنی لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئەو وەزیر و سەرۆكی دەستانەی، كە ئیجرائاتی یاسایی بۆ لێكۆڵیەوە لەگەڵیاندا تەواو بووە.

10 لێپێچینەوە لەگەڵ ئەو كەسانەی كە كەمتەرخەمبوون لە بەرگریكردن لە عێراق و بوونەتە هۆی ئەوەی، کە خاکی عێراق بچێتە ژێر دەستی گرووپە تیرۆرستییەكان كە رۆڵیان هەبووە لە بەهەدەربردنی سەرچاوەكانی وڵات و ئاوارەبوونی ملیۆنان هاووڵاتی پارێزگاكانی عێراق.

11- دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو بۆ كێشەی پەنابەران و دابینكردنی ژیانێكی باش بۆیان.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە