رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنى وەزارى ئابووریى عێراق راسپاردە بۆ سەرۆکوەزیران بەرز دەکاتەوە کە خەرجى دیکە بۆ پڕۆژەى وەبەرهێنان زیاد نەکرێت، بەبێ پاڵپشتى هەردوو وەزارەتى پلاندانان و دارایی و بوونى پارەى تەرخانکراو بۆى. هەروەها داواکراوە پارەى ئەو پڕۆژانە بدرێن، کە جێبەجێکراون.
ئەو پێشنیازانە بەگوێرەى راسپاردەیەکى فەرمى بووە کە ئەنجوومەنى وەزارى ئابووریى عێراق ئاڕاستەى سەرۆکوەزیرانى کردووە.
نووسراوەکە بە ناونیشانى: "رووبەڕووبوونەوەى قەیرانى دارایی لە سایەى پابەندییەکانى حکومەت" لە 3ى شوباتى 2025 ئاراستەى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق کراوە.
یەکێک لە راسپاردەکان ئەوەیە خەرجیى دیکە بۆ پڕۆژەکانى وەبەرهێنان زیاد نەکرێن، بەبێ پاڵپشتى هەردوو وەزارەتى پلاندنان و دارایی، هەروەها دەبێت پرۆژەکە پارەی بۆ تەرخان کرابێت.
ئەنجوومەنى وەزاریی ئابووریى عێراق داواى کردووە کۆمپانیا گشتییەکانى سەر بە حکومەت هیچ پڕۆژەیەک دیاری نەکەن، تەنیا ئەوانە نەبێت هەڵاوێردن، کە ئەوەش بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیرانى دەوێت و دەبێت وەزارەتەکان پێشنیازى گونجاو بۆ تەواوکردنى ئەو پڕۆژانە بکەن.
سۆران عومەر، ئەندامى لیژنەى ئابوورى و پیشەسازى و بازرگانى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: ئەو راسپاردەیە بۆ کەمکردنەوەى خەرجی داراییە بەتاییەت کە لەکۆتا ساڵى بودجەدان.
یەکێک لە راسپاردەکانى دیکە ئەوەیە کارى لەپێشینە ئەوە بێت پارەى ئەو پڕۆژانە بدرێن کە جێبەجێکراون لە رێگەى دووبارە دابەشکردنەوەى تەرخانکراوە داراییەکان، لە دواى پەسندکردنى خشتەى بودجەى 2025.
سۆران عومەر گوتى: "پێناچێت ئەم ساڵ خشتەى بودجەى 2025 هەبێت" هۆکارەکەشى بۆ کەمکردنەوەى خەرجییەکان گەڕاندەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ