رووداو دیجیتاڵ
تا ئاوەکەی کەمتر دەکات، ئاماژەکانی مردنی ژیان زیاتر دەردەکەون. ئەمە دۆخی زۆنگاوی چبایشە لە پارێزگەی زیقاری عێراق.
زۆربەی خەڵکی تەنیا مردنی ماسییەکان دەبینن، بەڵام زاناکان دیوە شاراوەکەی؛ کەمبوونی ئۆکسجین، سوێربوونی ئاو، لەنێوچوونی قامیشەکان و ژینگەی زۆنگاوەکان بە گشتی دەبینن.
ئەم کەمئاوییە چەقۆی لەسەر گەردەنی خەڵکی ناوچەکە داناوە. ئەیووب محەمەد، ماسیگرە و باس لەوە دەکات، "رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی سڤیل و ئاژانسەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان دەبێت گرنگی بە خەڵکی زۆنگاوەکان بدەن و چارەسەرێک بۆ نەهێشتنی قەیرانی ئاو بدۆزنەوە، چونکە ئەمە سەرچاوەی رزق و رۆزیمانە. ئەگەر ماسییەکان بمرن ئێمە چۆن بژین؟ ئەگەر گامێشەکان بمرن ئێمە چۆن بژین؟ داوا دەکەین لایەنی بەرپرسیار خەمێک لە خەڵكی بخوات."
زۆنگاوەکانی پارێزگەی زیقار خەریکە سیما رەسەنەکەیان لەدەستدەدەن و جادووی خۆیان لە لیستی شوێنەوارەکانی یونسکۆ بەتاڵ دەکەنەوە. چالاکڤانانی گۆڕانی کەشوهەوا تەنیا گوشارخستنە سەر تورکیا بۆ بەردانەوەی ئاوی زیاتر بە چارەسەر دەزانن.
ئەحمەد حەبیب ئەسەدی، چالاکڤانی ژینگەیی دەڵێت، "بەردانەوەی ئاو لە وڵاتانی دراوسێ لە رووباری دیجلە و فورات کەمی کردووە و ئەمە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ئاوی زۆنگاوەکان؛ ئۆکسجین کەمیکردووە و خوێ زیادیکردووە، ئەمەش بووەتەهۆی مردنی ژمارەیەکی زۆر لە ماسی و ژمارەیەکی زۆر لە گامێش، کاریگەری نەرێنی لەسەر خاوەن گامێش و خەڵكی هۆزەکان درووستکردووە."
خالید شەمال، گوتەبێژى وەزارەتى سەرچاوەکانى ئاوى عێراق بە رووداوی راگەیاند، "رووبارى دیجلە ئەمڕۆ بڕى ئاوەکەى 205 مەتر سێجایە لە چرکەیەکدا، لەکاتێکدا دەبوو 500 مەتر سێجا کەمتر نەبێت لە چرکەیەکدا. ئاوى رووبارى فوراتیش 153 مەتر سێجایە لە چرکەیەکدا، لەکاتێکدا دەبوو لەنێوان 400 بۆ 500 مەتر سێجا بێت لە چرکەیەکدا؛ بەوەش عێراق رووبەڕووى کورتهێنان بووەتەوە لە رووى بەشە ئاوەکەى کە لە نێوان 30% بۆ 50%ـى بەشە ئاوەکەى پێدەگات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ