رووداو دیجیتاڵ
دامەزراوەى شەهیدانى عێراق لە هەوڵى ئەوەدايە وەرگرتنى دوو مووچەیی بۆ قوربانییانى دەستى تیرۆر لە 10 ساڵەوە بکاتە 25 ساڵ، هاوشێوەى قوربانییانى دەستى رژێمى بەعس و بریندارانى حەشدی شەعبی.
ئەمڕۆ دووشەممە 10ى ئادارى 2025 چرۆ حەمەشەریف، ئەندامى لیژنەى شەهیدان و قوربانییان و زیندانییانى سیاسی لە پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ماوەیەک لەمەوبەر لەگەڵ دامەزراوەى شەهیدان کۆبوونەوە و ئاماژەیان بەوە دا، خەریکى کارکردنن لەسەر ئەو پرسە تاوەکو رەزامەندی بۆ وەربگرن."
بەگوێرەى یاسای دامەزراوەى شەهیدانى عێراق، ئەو فەرمانبەرانەى قوربانیى دەستى رژێمى بەعس یان بریندارى حەشدى شەعبین، دەتوانن بۆ ماوەى 25 ساڵ هەردوو مووچەکە وەربگرن، دواى ئەوە دەبێت یەکێکیان هەڵبژێرن، بەڵام ئەو فەرمانبەرانەى هاوکاریی قوربانییانى دەستى تیرۆر وەردەگرن، تەنیا 10 ساڵ دەتوانن دوو مووچەکە وەربگرن.
چرۆ حەمە شەریف ئاماژەى بەوە دا، کەمترین پارەى ئەو هاوکارییە 750 هەزار دینارە، دیار نییە هەرێمى کوردستان دەگرێتەوە یان نا.
میدیای فەرمیى عێراق لەسەر زارى عەبدولئیلا نائیلی، سەرۆکى دامەزراوەى شەهیدان بڵاویکردووەتەوە، سەرقاڵى وەرگرتنى رەزامەندین بۆ ئەو گۆڕانکارییە و دواى 25 ساڵ مووچەى دەزگاکەى بۆ ئەو کەسانە رادەگیرێت و تەنیا مووچەى فەرمى وەکو فەرمانبەر وەردەگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ