prev
next
رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت ئەمشەو بە ئامادەبوونی نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووە، کۆبوونەوەکە تاوەکو نیوەشەو بەردەوامبوو و ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەتیش بە رووداوی گوت، گفتوگۆ لەبارەی رێگەچارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، فوئاد حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی سەرکردایەتی، نوێنەرایەتی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کرد، خالید شوانی، ئەندامی سەرکردایەتی و نزار ئامێدی، وەزیری ژینگەی عێراق، وەکو نوێنەرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەشدارییان لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەرانی کورد دۆخی کەرکووک، ئازادکردنی دەستگیرکراوانی خۆپێشاندانەکەی رۆژی 2ـی ئەیلوولی ئەو شارە، پرسی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و جێبەجێکردنی یاسای بودجەیان خستە سەر مێزی گفتوگۆ.
نەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن عێراقەوە گەیشتووەتە پەرلەمانی عێراق و، شەممە 09-09-2023 لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لەبارەی ئەو کێشەیە کۆبوونەوە. نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "وەزیری دارایی پێی گوتین، بۆ شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ، دوو ملیار و نیو بۆ هەرێمی کوردستان خەرجکراوە، لەگەڵ داهاتە نێوخۆییەکانی هەرێمی کوردستاندا زۆر زیاتر بووە لەوەی کە پێویستە وەریبگرن."
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی، "بە گوتەی وەزیری دارایی، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان قەرزاری حکومەتی ناوەند بووە نەوەکو پارەی کەمتر بۆ نێردرابێت". گوتیشی، وەزیری دارایی گوتی: مامەڵە بە یاسا دەکات و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتی هەژمارکردنی داهاتی نانەوتیدا ژمارەی هەڵەیان داوە و داتاکانیان ورد نەبووە.
عەباس رازی، ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، کە بەشداریی لە کۆبوونەوەکەدا کرد، قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی "ئەنجامی کۆبوونەوەکە ئەرێنی و نایاب بوو."
عەباس رازی ئاماژەی بەوەکرد، لە کۆبوونەوەکەدا "بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەک درا بۆ سەردانکردنی کەرکووک و دەستکردن بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی ماوەی رابردوو، هەروەها بۆ راگرتنی هاوسەنگی لەنێوان نەتەوەکاندا، چەند گۆڕانکارییەکی ئیداری بکرێت."
لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە و مووچەی مووچەخۆرانیشەوە، ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت ئاماژەی بەوەکرد، "لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی رێگەچارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کرا بەپێی رێوشوێنەکان."
بە گوتەی عەباس رازی "جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنە نێوخۆییەکان کرا لە کاتی خۆیدا لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق، جگە لە هەرێمی کوردستان."
یاسای بودجەى گشتیی عێراق بۆ ساڵەکانی 2023-2024-2025، لە 12ـی حوزەیران لە پەرلەمان پەسندکرا، لە 26ـی هەمان مانگ لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرایەوە. پارەکەى بۆ هەر ساڵێک 198.9 تریلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ