رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق پڕۆژەیاسای پاراستنى فریاگوزار و رزگارکاريى خۆبەخش پەسند دەکات و رێوشوێنى ئاسانکاریش بۆ دەرمان دەردەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە 9ى تەممووز، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق کۆبوونەوەى هەفتانەى خۆى کرد و چەند بڕیارێکى دەرکرد.
یەکێک لە بڕیارەکان، لادانی چەند بەڕێوەبەرێکی گشتیی وەزارەتەکان و درێژکردنەوەى تەمەنى هەندێکی دیکە بوو.
ئەو بڕیارە لەسەر بنەماى راسپاردەى لیژنەى هەڵسەنگاندنى سەر بە نووسینگەى سەرۆکوەزیران بوو.
سەرچاوەیەکى ئاگادار لە کۆبوونەوەکە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "هیچکام لەو بەڕێوەبەرانە کورد نین."
لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێى خشتەى خەرجى دارایی عێراق تاوەکو نیسانى 2024 کرا کە بە گوێرەى یاساى کارگێڕى دارایی ئامادە کراوە.
بڕیارێکى دیکە دەرکردنی ئەو کارگە نیشتمانییانەیە لە رێنوێنییەکى پێشترى ئەنجوومەنى وەزیران کە پڕۆژەى گواستنەوەى تەکنەلۆژیایان بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیاى باوەڕپێکراوى دروستکردنى دەرمانى شێرپەنجە، خوێن و هۆرمۆن هەیە.
ئەو رێنوێنییە تایبەت بوو بە پۆلێنکردنى کارگە باوەڕپێکراوەکانى دەرمان و رێوشوێنەکانى گرێبەستى وەزارەتى تەندروستى تایبەت بەو کارگانە. ئەنجومەنى وەزیران بڕیاریدا وەزارەتى تەندروستى لیستێک ئامادە بکات لەبارەى ئەو دەرمانانەى کە ئەو رێوشوێنە دەیانگرێتەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا ئەنجوومەنى وەزیرانی عێراق پڕۆژەیاسای پاراستنى فریاگوزار و رزگارکاريى خۆبەخشی پەسند کرد بەو مەرجەى پڕۆژەکە بۆ ئەنجوومەنى شوراى دەوڵەت بنێردرێت بۆ ئەوەى وردبینى تێدا بکات و تێبينیەکانى فەرمانگەى یاسایى ئەميندارێتى گشتى ئەنجوومەنى وەزيران لەبەرچاو بگیرێت.
ئەو پڕۆژەیاسایە تایبەتە بە پاراستنى ئەو کەسانەى لەكاتى رووداوێكدا فرياگوزارى تەندروستى سەرەتایی پێشکێش بە کەسێک دەکەن کە تووشی رووداو بووە یان دەیگوازێتەوە بۆ نەخۆشخانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ