پارێزگارى نەینەوا فەرمانى دەستبەکاربوونى بۆ سەرۆکى حەوت یەکەى کارگێڕى پارێزگاکەى دەرکرد

09-04-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگارى نەینەوا فەرمانى دەستبەکاربوونى بۆ سەرۆکى حەوت یەکەى کارگێڕى پارێزگاکەى دەرکرد، لە کۆى ئەو 20 یەکە کارگێڕییەى ئەنجوومەنى پارێزگا دەنگى پێیاندا و ململانێیەکی سیاسى و کارگێڕى لەو پارێزگایە لێکەوتەوە.
 
ئەمڕۆ (چوارشەممە 9ـی نیسانى 2025) عەبدولقادر دەخیل، پارێزگارى نەینەوا، ئەو بڕیارانەى واژۆ کردووە. 
 
عێدان شێخ کالۆ، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: لە کۆى ئەو 20 یەکە کارگێڕییەى ئەنجوومەنى پارێزگا بڕیارى گۆڕانکاریی تێدا داون یان کەسانى بۆ پۆستەکانیان دەستنیشان کردووە، پارێزگار فەرمانى دەستبەکاربوونى بۆ حەوتیان دەرکردووە و بڕیارە ئەوانى دیکەش رۆژى پێنجشەممە یەکلابکرێنەوە. 
 
بە گوتەى عێدان شێخ کالۆ، ئەو بڕیارى دەستبەکاربوونانەى دەرکراون، بریتین لە قایمقامەکانى بەعاج و تەلەعفەر و بەڕێوەبەرى ناحیەکانى تەلعەبتە، نەمروود، شۆرە، بەرتلە و تلکێف.
 
یەکى تەممووزى 2024، ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا گۆڕانکاری لە سەرۆکى 20 یەکەى کارگێڕیی کرد، بەڵام هاوپەیمانیی نەینەواى یەکگرتوو و فراکسیۆنى پارتى، بایکۆتى کۆبوونەوەکەیان کرد و لە دژى گۆڕانکارییەکان وەستانەوە. گۆڕانکارییەکان بە زۆرینەى دەنگى هاوپەیمانیی نەینەواى ئاییندە کران.
 
ئەمڕۆ، عەبدولقادر دەخیل لە راگەیێنراوێکدا ئاماژەى بەوە دا؛ ئەو بڕیارانەى لەبەر رۆشنایی بڕیارى دادگەى باڵاى فیدراڵى داوە، بۆ ئەو کەسانەى ئەو مەرجانەیان تێدایە کە لە یاسای پارێزگاکاندا هاتووە، بۆ ئەوانى دیکەش لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکان قسە دەکەن لەپێناو دڵنیابوونەوە لەوەى مەرجە یاساییەکانیان تێدایە، دەشڵێ هەر یەکێکیان ئەو مەرجەى تێدا نەبێت، رەتدەکرێنەوە و داوا لە ئەنجوومەنى پارێزگا دەکەن، کەسانى دیکە لەجێگەیان بەربژێر بکەن کە مەرجەکانیان تێدابێت. 
 
عێدان شێخ کالۆ گوتى "یەک بۆ دوو کەسیان رەنگە کێشەى یاساییان هەبێت و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە مەرجەکانیان دڵنیا دەبنەوە".
 
لەسەر سکاڵاى ئەندامێکى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا، عەبدولقادر دەخیل لە 7ـی نیسان لەلایەن دادگەوە بانگکرا بۆ لێکۆڵینەوە لەبارەى دۆسیەى "رێگرى لە جێبەجێکردنى بڕیارى دادگەى باڵاى فیدراڵیی تایبەت بە دەنگدان لەسەر گۆڕانکارییە کارگێڕییەکانى نەینەوا."
 
26ـی کانوونى یەکەمى 2024، دادگەى کارگێڕى سکاڵاى 7 قایمقام و بەڕێوەبەرى ناحیەى لە نەینەوا رەتکردەوە، کە لە دژى لادانیان لە پۆستەکانیان لەلایەن ئەنجوومەنى پارێزگا، تۆماریان کردبوو. چواری ئاداری 2025 دادگەى باڵاى فیدراڵی سکاڵایەکى پارێزگارى نەینەواى لە دژى ئەو گۆڕانکارییانە رەتکردەوە.
 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق.

نەرمین مەعرووف: کورتهێنانی بودجە کاریگەری لەسەر دابەشکردنی مووچە نییە

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دابەزینی بەردەوامی نرخی نەوت کاریگەری لەسەر کۆی داهات و بودجەی حکومەت دەبێت. گوتیشی، "تائێستا کورتهێنانی بودجە کاریگەری لەسەر دابەشکردنی مووچە نەبووە."