رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، رۆژى پێنجشەممە ئەنجوومەنى کۆمیسیاران بڕیارى کۆتایی لەبارەى کۆنگرەى هەردوو بەرەی بزووتنەوەى گۆڕان دەدات.
رۆژی چوارشەممە 9ـی نیسانى 2025، ئەحمەد ئەیاد، یاریدەدەرى سەرۆکى فەرمانگەى پارت و رێکخراوەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: رۆژى پێنجشەممە ئەنجوومەنى کۆمیسیاران دوا بڕیارى خۆى لە بارەى پرسی کۆنگرەى بزووتنەوەى گۆڕان دەدات.
5ـی نیسان، باڵى گردەکەى بزووتنەوەى گۆڕان بەبێ ئامادەبوونى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکان کۆنگرەى بەست، بەڵام بەرەکەى دیکە کە بە گۆڕانى کوردسات ناسراوە، 26ـی نیسانى بۆ بەستنى کۆنگرە دیاری کردووە.
یاریدەدەرى سەرۆکى فەرمانگەى پارت و رێکخراوەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق راگەیاند، راسپاردەیان لە بارەى ئەو پرسەوە بۆ ئەنجوومەنى کۆمیسیاران بەرزکردووەتەوە بۆ ئەوەى ئەو پرسە یەکلا بکەنەوە .
بە گوێرەى پەیڕەوى ئەو بزووتنەوەیە، ئەو کەسانە دەتوانن لە کۆنگرەدا بەشداربن کە ناویان لە لیستى دەستەى گشتیی حیزبەکە هەیە کە لە ساڵى 2017 تۆمار کراوە و 2123 کەسن، بەڵام یەکێک لە بەرپرسانى باڵى کوردساتى گۆڕان بە رووداوى گوت: "زیاتر لە هەزار کەس لەو ناوانە یان لەژیاندا نەماون یان لە ریزى گۆڕان چوونەتە دەر."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ