سەرۆکى لیژنەى دارایی: باڵیۆزى ئەمریکا پێیگوتین 'تاوەکو ئێستا هاوردەکردنى گاز لە دەرەوەى سزاکانە'

09-03-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، باڵیۆزى ئەمریکا پێى راگەیاندوون "تاوەکو ئێستا هەناردەکردنى گاز لە دەرەوەى سزاکانى وڵاتەکەیەتى".
 
ئەو لێدوانەى عەتوان عەتوانى لە راگەیێندراوێکى لیژنەکەدا بوو، لە دواى کۆبوونەوەیان لەگەڵ دانیاڵ رۆنبسن، باڵیۆزى ئەمریکا لە عێراق و شاندێکى ئەو باڵیۆزخانەیە کە ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ـى ئادارى 2025 لە بەغدا کرا.
 
لەو کۆبوونەوەیەدا باسی دۆسیەى سزاکانى ئەمریکا و کاریگەریى لەسەر کەرتى کارەباى عێراق کراوە. 
 
بە گوێرەى راگەیێندراوەکە، عەتوان عەتوانى داواى لە شاندی باڵیۆزخانەکە کردووە، پەیامێک بگەیێننە واشنتن بەوەى راگرتنى گازى ئێران کاریگەریى وێرانکەرى دەبێت لەسەر گەلى عێراق، بەتایبەت لە وەرزى هاویندا و دەبێتە هۆى دروستکردنى کێشە بۆ سیستمى کارەباى نیشتمانى، بەهۆى ئەوەى کە بۆ دۆخى ئێستا هیچ جێگرەوەیەک نییە.
 
8ـی ئادارى 2025، ئەو مۆڵەتە 120 رۆژییە کۆتاییهات کە ئیدارەى پێشووى ئەمریکا بۆ عێراقى دانابوو بۆ هاوردەکردنى گاز لە ئێرانەوە بۆ خستەکارى وێستگەکانى بەرهەمهێنانى کارەبا. 
 
بە گوێرەى راگەیێندراوەکە، باڵیۆزى ئەمریکا گوتوویەتى، "تاوەکو ئێستا هەناردەکردنى گاز لە دەرەوەى سزاکانە".
 
عێراق 17 هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، بەهۆى راگرتنى هاوردەکردنى گازى ئێران 10 هەزار مێگاوات کارەباى لە دەستداوە، لە وەرزى گەرمادا عێراق پێویستى بە زیاتر لە 35 هەزار مێگاوات کارەبایە، بەوپێیە بەبێ هاوردەکردنى گاز نیوەى کارەباى پێویست بەرهەم دەهێنێت.
 
سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق داواى لەو بەرپرسەى ئەمریکا کردووە پێداچوونەوە بەو گوشارانەدا بکات کە وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا لەسەر کەرتى دارایی و بانکیی عێراق دروستیکردووە لە رێگەى "سزادانى یەک لەدواى یەکى بانکەکان". 
 
عەتوان عەتوانى گوتوویەتى "عێراق گۆڕانکاریى جۆرى لە پابەندبوون و حەواڵە داراییەکان کردووە، بەڵام تووشى شۆک دەبین بە سزاى بەکۆمەڵى دژ بە بانکە عێراقییەکان بەبێ پاساو و ئاگادارکردنەوەى پێشوەخت، تەنانەت بەبێ ئاگادارکردنەوەى بانکى ناوەندی، ئەوەش کێشەیەکى گەورەى بۆ دروست کردووین و کاریگەرى لەسەر کار و چالاکى کەرتى بانکى هەیە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە