مەشهەدانی بۆ هەڵەبجەییەکان: خۆم بە هەڵەبجەیی دەزانم

09-03-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

شاندێکی هەڵەبجە و چەند نوێنەرێکی پارێزگاکە لە پەرلەمانی عێراق، لە بەغدا لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکەی کۆبوونەوە. بەشداربوویەکی کۆبوونەوەکە دەڵێت، بەڵێن دراوە "لەم رۆژانەدا" پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە.
 
شاندەکە بە سەرۆکایەتی نوخشە ناسیح، قایمقامی هەڵەبجە چوونە بەغدا و هەریەکە لە د. موسەنا ئەمین و ئاریان تاوگۆزی، نوێنەرانی هەڵەبجە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەشداربوون لە کۆبوونەوەکانی شاندەکە لەگەڵ مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمان.
 
موسەنا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆکیش بەڵێنیان دا، لەم رۆژانەدا یاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە بخەنە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراقەوە و پشتیوانی بکەن".
 
بە گوتەی موسەنا ئەمین، بەهۆی یاسای خانەنشینی چەکدارانی حەشدی شەعبییەوە، ناکۆکی کەوتووەتە نێوان شیعەکانەوە و ئەوەش بووە بە هۆکاری تەواو نەبوونی ژمارەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق بۆ کۆبوونەوەکانی پەرلەمان. گوتیشی: "دەنگۆیەک هەیە رێککەوتنێک کرابێت و سبەی کۆبوونەوەکان دەستپێبکەنەوە، بۆیە ئەگەری بەهێز هەیە پێش 16ـی ئادار یاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە بخرێتە بەرنامەی کارە".
 
هەر ئەمڕۆ قایمقامی هەڵەبجە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە شاندەکەی گوتووە: "کاتێک ئۆپۆزیسیۆنی عێراق بووە لە هەورامان ژیاوە و خۆی بە هەڵەبجەیی دەزانێت و وەک هەڵەبجەییەک پشتیوانی هەڵەبجە دەبێت؛ بەرگری لە مافی خەڵکی هەڵەبجە دەکات و ئەو پڕۆژە یاسایەش بە پڕۆژەی خۆی دەزانێت".
 
نوخشە ناسیح، قایمقامی هەڵەبجە بە رووداوی گوت: "دەمانەوێ پێش ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە پەرلەمانی عێراق دەنگ بە بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بدات".
 
بەگوێرەی قایمقامییەتی هەڵەبجە، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەڵێنی داوە توانای خۆی بخاتەگەڕ بۆ پەسندکردنی پڕۆژەیاساکە و رایگەیاندووە: "وەک سەرۆکایەتی پەرلەمان و فراکسیۆنە کوردستانییەکان بێ جیاوازی یەکدەنگن کە لە نزیکترین کۆبوونەوەی پەرلەماندا پڕۆژەیاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە بخرێتە بەرنامەی کارەوە و دەنگی لەسەر بدرێت".
 
دوێنێ دوای کۆبوونەوەکە، نووسینگەی مەحموود مەشهەدانی رایگەیاند، سەرۆکی پەرلەمان گوێی لە بۆچوون و داواکارییەکانی ئەندامانی شاندەکە گرتووە کە پێداگرییان لەسەر گۆڕینی قەزای هەڵەبجە بۆ پارێزگا کردووە لە رێگەی دەرکردنی یاسایەکەوە لە پەرلەمان و دەنگدان لەسەری: "سەرۆکی پەرلەمان داواکارییەکی نووسراوی وەرگرت کە بۆ ئەم مەبەستە ئامادە کرابوو."
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، مەشهەدانی پشتیوانیی خۆی بۆ ئاواتەکانی هاووڵاتییان لە هەموو پارێزگاکان دەربڕی، بە شێوەیەک کە بەرژەوەندییەکانیان بپارێزێت و یەکێتیی عێراق بەهێز بکات.
 
پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە، خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە و تەنیا دەنگدانی ماوە. بۆ دەنگدان بە پڕۆژەیاساکە، زیاتر لە 120 واژۆی پەرلەمانتاران کۆکراونەتەوە و دراوەتە سەرۆکایەتیی پەرلەمان.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە