گومان لە سووتاندنی سایلۆی ئەبوغرێب دەكرێت

09-03-2016
پشتیوان جەمال
نیشانەکردن سایلۆ ئەبوغرێب
A+ A-

رووداو- سلێمانی

گوتەبێژی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی عێراق گومانی لە سووتاندنی سایلۆی ئەبوغرێب هەیە و پێیوایە بۆ پەردەپۆشكردنی "گەندەڵی" بووە و دەڵێت "پێدەچێت لەلایەن بازرگانانی شەڕ و چەكدارانی حەشدی شەعبییەوە سووتێندرابێت، ئەگەر داعشیش كردبێتی بەهەماهەنگی لەگەڵ ئەوان بووە". بەڵام پەرلەمانتارێكی ئەندام لە لیژنەی ئاسایش و بەرگری دەڵێت "داعش سووتاندوویەتی و لێژنەی دەستپاكی بۆ خۆدەرخستن وا دەڵێن".

بەرەبەیانی رۆژی 28/2/2016 چەكدارانی داعش پەلاماری ناوچەی ئەبوغرێبی رۆژئاوای بەغدایان دا و سایلۆكەیان لە ناوچەی خانزاری سووتاند كە چەندین تۆن گەنمی تێدا هەڵگیرابوو.

عادل نووری، گوتەبێژی لیژنەی دەستپاكی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە (رووداو)ی راگەیاند "پێدەچێت سووتاندنی سایلۆكە لەلایەن چەند بازرگانێكی شەڕەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ چەكدارانی حەشدی شەعبی بووبێت، ئەگەر داعشیش كردبێتی بەهەماهەنگی و رێككەوتن لەگەڵ ئەو بازرگانانە و چەكدارانی حەشد بووە، ئەوەش بۆ پەردەپۆشكردنی گەندەڵی بووە".

سایلۆكانی ئەبوغرێب و سامەڕا لەلایەن چەكدارانی حەشدی شەعبییەوە دەپارێزرێن. عادل نووری گوتی "ئێمە پێشتر دۆسیەیەكمان لەسەر گەندەڵی لە كڕینی گەنم كردبووەوە كە چەند بازرگانێك بەپشتگیریی چەند كەسێك لەنێو حەشدی شەعبی، گەنمیان بەشێوەیەكی نایاسایی لە سووریا و وڵاتانی دیكەوە هێنابوو، ویستمان پێش رووداوەكە، بۆ لێكۆڵینەوە لە جۆر و قەبارەی گەنمەكە سەردانی سایلۆكە بكەین، بەڵام بەهۆی ئەو رووداوەوە گەنم و دۆكیومێنتەكانیشیان سووتاند".

بە گوتەی ئەو بەرپرسە، گەندەڵییەكە لە چەند روویەكەوە بووە، لەوانەش هاوردەكردنی گەنم لە دەرەوە لەلایەن بازرگانانی شەڕ كە هەر تەنێك نزیكەی 130 دۆلاریان پێداوە، بەڵام بە نزیكەی 800 دۆلار بە حكومەتیان فرۆشتووە، جگە لەوەش هەر ئەو گەنمە بە چەند جارێك هاتوچۆپێكردن لەنێوان سایلۆی سامەڕا و ئەبوغرێب مامەڵەی كڕین و فرۆشتنی پێوە كراوە و راستەوخۆش پارەكانیان وەرگرتووە لەكاتێكدا تاوەكو ئێستا پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی كوردستان نەدراوە.

ناوبراو گەندەڵییەكی مەترسیدارتری لە هاوردەكردنی ئەو گەنمە ئاشكرا كرد و گوتی "هەندێك لەو گەنمە كە هاوردە كرابوو، هێشتا لەڕووی زانستییەوە نەسەلمێنرابوو كە ئایا بۆ خواردن دەشێت یان نا، بەڵام لەبەرئەوەی هەرزان بووە، بازرگانەكان هێناویانە".

لیژنەی دەستپاكی مانگێك لەمەوبەر بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئەو دۆسیەیە سەردانی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراقیان كردووە. عادل نوری گوتی "عەبادیش بەو گەندەڵییەی زانیوە و بڕیار بوو پێش سووتاندنەكە بەهاوكاریی دەستەی دەستپاكی و ئەنجوومەنی دادوەری سەردانی سایلۆكە بكەین و بزانین چەند تەن گەنم وەرگیراون و چەندیش لە سایلۆكاندا ماون".

ناوبراو گومانی هەیە ئەو رووداوە لەلایەن داعشەوە كرابێت و گوتی "داعش تەنیا لە فەللوجە ماوە، پرسیار ئەوەیە چۆن گەیشتنە ئەوێ و بۆچی دۆكیومێنت و گەنمەكانیش سووتان؟ بۆیە گومانمان هەیە كە ئەو رووداوە دروستكراوە و پەیوەندی بە داعشەوە نییە و لەو رووداوەدا هیچ كەسێك چەكداری داعشی نەبینیوە، ئەگەریش داعش كردبێتی بەهەماهەنگی بازرگانانی شەڕ و چەكدارانی حەشدی شەعبی بووە".

لیژنەی دەستپاكی وەكو خۆیان باسی دەكەن، بەدواداچوونیان بۆ لێكۆڵینەوەی گەنمەكە قورستر بووە، عادل نوری گوتی "جگە لەو گەندەڵییانەی كە پێشتر لە هاوردەكردن و جۆری گەنمەكە هەبوون، سووتاندنی سایلۆكەش تاوانێكی دیكەیە بۆ پەردەپۆشكردنی گەندەڵییەكان و ناكرێت بە ئاسانی تێپەڕێت".

بەڵام شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق قسەكەی عادل نووری رەتكردەوە و بە (رووداو)ی راگەیاند "سایلۆكە لەلایەن چەكدارانی داعشەوە سووتێنراوە و داعش بۆ ئەو جۆرە كارانە هەماهەنگی لەگەڵ كەس ناكات". ناوبراو بینای سایلۆكەی بۆ داعش بە ستراتیژی وەسف كرد و گوتی "بینای سایلۆكە بەرزە و ئەو شوێنەش لەڕووی سەربازییەوە بۆ داعش ستراتیژی بوو، بەو پێیەی دەكەوێتە نێوان ناوچەی فەللوجە و ئەبوغرێبەوە و داعش مەبەستی بوو كۆنترۆڵی بكات بۆ ئەوەی هەر كاتێك حكومەتی عێراق نیەتی هێرشی بۆ فەللوجە هەبێت، لەوێوە رێگری لێبكەن".

شاخەوان عەبدوڵڵا گوتیشی "دەستپاكی لەڕوانگەی خۆیانەوە لەو رووداوە دەڕوانن و زیاتریش بۆ خۆدەرخستن وا دەڵێن، چونكە ئەگەر پێش سووتاندنەكە زانیارییان هەبووبێت كە لەو سایلۆیەدا گەندەڵی هەبووە، دەبوو قسەیان بكردایە و ئەگەریش قسەیان نەكردووە ئەوا كەمتەرخەمن".

بەڵام لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی عێراق ماوەیەك لەمەوبەر بۆ بەدواداچوونی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان سەردانی وەزیری بازرگانیی عێراقیان كردووە و وەزیریش گومانی لە گەندەڵی لەو سایلۆیە كردووە. 

ئەحمەد حاجی رەشید، بڕیاردەری لیژنەی دارایی و ئابووری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە (رووداو)ی راگەیاند "وەزیری بازرگانیش پێَیگوتین لەدوای ساڵی 2014ەوە كاتێك داعش دەستی بەسەر ناوچەی ئەبوغرێبدا گرتووە، گەنم لەو سایلۆیەدا لەلایەن هەندێك بازرگانەوە دزراوە و دیسانەوە بە عێراق فرۆشراوەتەوە، گومانی هەبوو گەنمی هاوردەكراوی وڵاتانی دەرەوەشی تێدابووبێت".


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە