سکاڵاکەى سەرۆککۆمار؛ فەرمانسالارى بۆ خەرجکردنى مووچەکانى رابردوو دەربکرێت

09-02-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە سکاڵاکەى سەرۆککۆماری عێراقدا لە دادگەى فیدراڵى لە بارەى مووچە، داوا کراوە فەرمانسالارییەکى بەپەلە دەربکرێت بۆ ناچارکردنى وەزارەتى دارایی فیدڕاڵ بە خەرجکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بۆ مانگەکانى رابردوو و داهاتوو، هەروەها مووچەش دوانەکەوێت و بە گوێرەى رێنماییەکانى بانکى ناوەندیى عێراق، بەجێبکرێت و فەرمانبەر ئازاد بێت لەوەى بۆ بەجێکردنى مووچەکەى کام بانک هەڵدەبژێرێت.
 
ئەو سکاڵایەى لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراق لە دژى سەرۆکوەزیرانى عێراق، سەرۆکى پەرلەمان و وەزیرى دارایی فیدڕاڵ تۆمارکراوە، 12ى شوباتى 2025 یەکەم دانیشتنى دادگەى فیدراڵى دەبێت لەسەر سکاڵاکە. 
 
سکاڵاکە چوار خاڵە، دوا کراوە دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق فەرمانسالارییەکى بەپەلە دەربکات بۆ ناچارکردنى وەزارەتى دارایی فیدڕاڵ بە خەرجکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بە هەموو توێژەکانەوە بۆ مانگەکانى رابردوو و داهاتوو و لەو خاڵەدا هاتووە، "جەخت دەکەینەوە کە رەگەزى پەلەکردن لەم سکاڵایەدا هەیە".
 
 فەرمانبەران و خانەنشینانى هەرێمى کوردستان مووچەى مانگى کانوونى یەکەمى 2024یان وەرنەگرتووە، وەزارەتى دارایی فیدراڵ پاساوى بۆ نەناردنى ئەو مووچەیە ئەوەیە گوایە تەواوى پشکى هەرێمى کوردستانى بۆ ئەو ساڵە ناردووە.  
 
لە یەکێک لە خاڵەکانى دیکەى سکاڵاکەدا داوا کراوە ناردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بەبێ دواکەوتن و بەردەوام بێت و لە ژێر هیچ پاساوێک کە پەیوەندار بێت بە بەجێکردنى مووچە و پرسى تەکنیکى و کارگێڕی وەک تەرازووى پێداچوونەوە و رێکارە تەکنیکی و چاودێرییەکانى دیکە.
 
 تەرازووى پێداچوونەوە تایبەتە بە تۆمارى خەرجى و داهاتى هەرێمى کوردستان کە دەبێت مانگانە هەرێمى کوردستان رادەستى وەزارەتى دارایی فیدراڵى بکات بۆ ئەوەى وردبینی تێدا بکات.
 
داوایەکى دیکەى سکاڵاکە ئەوەیە مووچەى فەرمانبەران بە گوێرەى رێنماییەکانى بانکى ناوەندیى عێراق بەجێبکرێن کە وەک لە سکاڵاکەدا هاتووە، "مامەڵەکردن لەگەڵ بانکە حکومى و ئەهلییەکان دەگرێتەوە، هاوشێوەى ئەوەى لە حکومەتى فیدڕاڵى پەیڕەو دەکرێت و ئەم پڕۆسەیە بە هاوئاهەنگى لەگەڵ وەزارەتى دارایی فیدراڵ و وەزارەتى دارایی و ئابووریى هەرێمى کوردستان ئەنجامبدرێت و فەرمانبەریش ئازاد بێت لە دیاریکردنى ئەو بانکەى کە بەجێکردنى مووچەکەى لێ دەکات بە گوێرەى ئەو رێکارانەى لە هەرێمى کوردستان کاریان پێدەکرێت".
 
دادگەى باڵاى فیدراڵی لە 21ـى شوباتى 2024، بە بڕیارێک هەردوو حکومەتى فیدراڵى و هەرێمى کوردستانى پەیوەست کرد بەوەى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان بەجێبکرێت و مانگانە بدرێت.
 
خاڵى چوارەمى داواکارییەکەى ئەو سکاڵایە، ناچارکردنى پەرلەمانە بە هەموارکردنى بڕگەى (ج) لە مادەى 12ى یاسای بودجەى گشتى و ئاماژەى بەوەداوە کە تەرخانکردنى بڕى شەش دۆلار لە یاسای بودجەى گشتى وەک تێچووى بەرهەمهێنانى نەوتى هەرێمى کوردستان، "مەرجێکى نابەجێیە" و زیان لە بودجەى گشتى دەدات.
 
ئەو سکاڵایە لە 20ى کانوونى دووەمى 2025 لە دادگەى باڵاى فیدراڵى تۆمارکراوە، بەڵام دواتر لە 2ى شوبات پەرلەمان ئەو هەموارەى پەسند کردووە.
 
هەموارەکە لە مادەی 12ـی تایبەت بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بوو، کە 16 دۆلاری وەکو تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى بەرمیلێک نەوت دیاریکردووە، تاوەکو ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتیی راوێژکاری نرخێکى خەمڵێندراو دیاری دەکات، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 09ى شوباتى 2025 هاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق رایگەیاند، 19 رۆژ بەسەر سکاڵاکەیان تێپەڕ بووە، بەڵام لەو ماوەیەدا چاوەڕوانی بڕیاری دادگە بوون  و گوتى، "هەموو لایەک چاوەڕوانین دادگەی فیدراڵی بڕیاری دەستووریی خۆی دەربکات".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە