رووداو دیجیتاڵ
خەرجیى 11 مانگى ساڵی رابردووی عێراق، زیاتر لە یەک تریلیۆن دینارى لە داهاتەکەى زیاتر بووە و تەنیا 16.7%ى ئەو خەرجییانە بۆ وەبەرهێنان بووە، 13.1 تریلیۆن دنیار وەک خەرجى لەسەر هەرێمى کوردستان هەژمار کراوە، 11.5 تریلیۆن دینارى بۆ مووچە بووە.
وەزارەتى دارایی فیدراڵ، ئامارى داهات و خەرجیی 11 مانگى ساڵى 2024ى بڵاوکردەوە، کە تاوەکو تشرینى دووەمى ئەو ساڵەیە.
ئەو خەرجییانە، 64.3%ى تێکڕاى پارەى خەمڵێندراوى بودجە بووە بە گوێرەى خشتەى 2024، کە بە 211.8 تریلیۆن دینار خەمڵێنراوە.
خەرجى 1.1 تریلیۆن دینارى لە داهات زیاترە
بە گوێرەى خشتەکە، لەو 11 مانگەدا خەرجیى عێراق 136 تریلیۆن و 431 ملیار و 100 ملیۆن و 288 هەزار دینار بووە، 113 تریلیۆن و 564 ملیار و 500 ملیۆن و 888 هەزار دینارى بۆ خەرجیى رەوان بووە کە زیاتر لە 80 تریلیۆن دینارى بۆ مووچە و پارەى چاودێریى کۆمەڵایەتى بووە.
لە خەرجیى ئەو 11 مانگە، تەنیا 22 تریلیۆن و 866 ملیار و 599 ملیۆن و 399 هەزار دینارى بۆ وەبەرهێنان بووە، کە دەکاتە 16.7%ى تێکڕاى خەرجییەکان.
داهاتى عێراق لەو ماوەیەدا بە 135 تریلیۆن و 322 ملیار و 716 ملیۆن و 694 هەزار دینار تۆمار کراوە، داهاتى نەوتى 119 تریلیۆن و 33 ملیار و 253 ملیۆن و 845 هەزار دینار بووە.
بە گوێرەى ئامارەکە، داهاتى نەوتى لەو ماوەیەدا 88% و داهاتى نانەوتى 12%ى تێکڕاى داهاتەکەى پێکهێناوە.
بەوپێیە خەرجیى عێراق لەو 11 مانگەدا، یەک تریلیۆن و 108 ملیار و 383 ملیۆن و 593 هەزار دینارى لە داهاتى ئەو ماوەیە زیاتر بووە و وەک کورتهێنان هەژمار کراوە.
لەو ماوەیەدا عێراق بە بەهاى دوو تریلیۆن و 208 ملیار و 813 ملیۆن و 533 هەزار دینار سووتەمەنى بۆ وێستگەکانى بەرهەمهێنانى کارەبا هاوردە کردووە، ئەوە جگە لە وەى بە بەهاى 196 ملیار و 527 ملیۆن و 809 هەزار دینار وزەى کارەباى هاوردە کردووە.
خەرجیی هەرێمى کوردستان بە 13.1 تریلیۆن دینار تۆمارکراوە
بە گوێرەى خشتەکە، خەرجیى هەرێمى کوردستان لە ماوەى ئەو 11 مانگەدا، بە 13 تریلیۆن و 112 ملیار و 934 ملیۆن و 415 هەزار و 515 دینار هەژمار کراوە، لەو بڕە پارەیە 11 تریلیۆن و 520 ملیار و 160 ملیۆن و 252 هەزار و 639 دینارى بۆ مووچە بووە.
لەو خەرجییانەى دیکە کە لە خشتەکەدا لەسەر هەرێمى کوردستان هەژمارکراوە، 283 ملیار و 742 ملیۆن و 308 هەزار و 818 دینار وەک خەرجیی پێداویستیى خزمەتگوزاری، 443 ملیار و 689 ملیۆن و 621 هەزار و 243 دینار وەک خەرجیى کاڵا، هەروەها خەرجیى چاککردنەوە بە 152 ملیار و 47 ملیۆن و 639 هەزار و 560 دینار هەژمار کراوە.
هەریەک لە خەرجیى تایبەت بە پابەندی و کۆمەکى دەرەکى، قەرز، بەرنامەى تایبەت لە خشتەى خەرجى هەرێمى کوردستان بە سفر تۆمار کراوە، لەکاتێکدا خەرجیى سەرمایە 111 ملیار و 306 ملیۆن و 163 هەزار و 210 دینار بووە.
بەگوێرەى بەدواداچوونى تۆڕى میدیایی رووداو، ئەو بڕە پارەیەى وەزارەتى دارایی فیدراڵ جگە لە پارەى مووچە لە خشتەى خەرجیى هەرێمى کوردستان تۆماری کردووە، لە راپۆرتى تەرازووى پێداچوونەوەى خەرجى و داهاتى هەرێمى کوردستان وەرگیراوە کە مانگانە نێردراوە بۆ وەزارەتى دارایی فیدڕاڵ.
خەرجى عێراق لە 11 مانگى 2024
136.4 تریلیۆن دینار
خەرجیى رەوان؛ 113.5 ترلیۆن دینار
مووچەی چاودێریى کۆمەڵایەتى؛ 80 تریلیۆن دینار
خەرجى وەبەرهێنان؛ 22.8 تریلیۆن دینار
16.7%ى تێکڕاى خەرجى
داهات؛ 135.3 تریلیۆن دینار
داهاتى نەوتى؛ 119 تریلیۆن دینار
88%
داهاتى نانەوتى؛ 16.2 تریلیۆن دینار
12%
کورتهێنانى خەرجى؛ 1.1 تریلیۆن دینار
سووتەمەنى بۆ کارەبا؛ 2.2 تریلیۆن دینار
هاودەکردنى کارەبا؛ 196.5 ملیار دینار
خەرجى هەرێمى کوردستان
13.1 تریلیۆن دینار
مووچە ؛ 11.5 تریلیۆن دینار
خەرجى خزمەتگوزارى؛ 283.7 ملیار دینار
خەرجى کاڵا؛ 443.6 ملیار دینار
خەرجى چاککردنەوە؛ 152 ملیار دینار
خەرجى سەرمایە؛ 111.3 ملیار دینار
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ