بەرگریى عێراق: یارەڵڵا بۆ سەرۆکایەتیکردنى دەستەى حەشدی شەعبى بەربژێر نەکراوە

09-02-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتى بەرگریى عێراق رەتیکردەوە، عەبدولئەمیر یارەڵڵا، سوپاسالار بۆ پۆستى سەرۆکى دەستەى حەشدی شەعبی بەربژێر کرابێت. 
 
ئەو روونکردنەوەیەى وەزارەتى بەرگریى عێراق لە راگەیێنراوێکدابوو کە ئەمڕۆ یەکشەممە 9ى شوباتى 2025 بڵاویکردەوە. دەڵێت، "ئەو هەواڵە بناخەى راستى نییە و عەبدولئەمیر یارەڵڵا وەک سوپاسالار بەردەوامە لە کارەکەى".
 
رەتکردنەوەى ئەو زانیارییە دواى ئەوەبوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وا بڵاوکرایەوە کە عەمبدولئەمیر یارەڵڵا دەچێتە جێی فالح فەییاز، لە پۆستى سەرۆکى دەستەى حەشدى شەعبی.
 
وەزارەتى بەرگرى دەڵێت، هەر هەواڵێکى تایبەت بە سوپا، فەرماندە، ئەفسەر و کارمەندانى لە پێگە فەرمییەکانى وەزارەت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى سەر بەو وەزارەتە بڵاونەکرێنەوە، هەواڵى ناڕاستن و بناخەى راستییان تێدا نییە.
 
فالح فەییاز، لە ساڵى 2020 بە فەرمى کرایە سەرۆکى دەستەى حەشدی شەعبی، دواى ئەوەى لە ساڵى 2014ـەوە بە وەکالەت ئەو پۆستەى بەڕێوە دەبرد.
 
ئەو دەستەیە سەرپەرشتى سەرجەم گرووپە چەکدارەکانى نێو حەشدی شەعبی دەکات کە بەستراون بە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنى وەزیران و فەرمان لە فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکان وەردەگرن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە