عەبدولقەهار سامەڕائی بۆ کورد: پشتیوانتان دەبین بۆئەوەی ببینە دراوسێ

08-09-2017
سیروان عەباس
نیشانەکردن گشتپرسی
A+ A-

رووداو - هەولێر

سەرۆکی فراکسیۆنی عەمەل لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێ، هەفتەی داهاتوو بۆ بڕیاردان لەسەر ناردنی چاودێر بۆ گشتپرسیی باشووری کوردستان کۆدەبنەوە. دەشڵێت: "بەلایەنی کەمەوە پشتیوانیی کورد دەبین بۆئەوەی ببینە دراوسێ".

عەبدولقەهار سامەڕائی، سەرۆکی فراکسیۆنی عەمەل لە پەرلەمانی عێراق، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "گفتوگۆی رۆژنامەنووس"ی رادیۆی رووداو، سەبارەت بە ناردنی چاودێر لەکاتی ئەنجامدانی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی باشووری کوردستان بەتایبەت لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستاندا قسەی کرد.

سامەڕائی گوتی: "هەفتەی داهاتوو وەکو هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکان کۆبوونەوە لەسەر ئەم پرسە دەکەین و بیروبۆچوونەکانمان دەگۆڕینەوە، بۆچوونی نوێنەرانمان و خەڵکی خۆمان لە ناوچە کێشە لەسەرەکان وەردەگرین، پاشان لەگەڵ لایەنە کوردییەکان و برایانمان لە کەرکووک و نوێنەرانمان لە خوورماتوو تاوتوێی دەکەین. لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکەش لە هەموو ناوچەکان و لە سنووری دیالەش کۆدەبینەوە، دواتر بۆچوونی خۆمان بە ئاشکرا رادەگەیێنین".

سامەڕائی گوتیشی: "ئێمە لەگەڵ تەواوی مافەکانی کوردین لەچوارچێوەی قەوارەیەکی یەکگرتووی بەهێز، دەبێ کوردیش ئەوە لەبەرچاوبگرێت بژاردەیەک بەکاربهێنێت ئارامی و سەقامگیری ناوچەکە بپارێزێت".

سەرۆکی فراکسیۆنی عەمەل لە پەرلەمانی عێراق کە فراکسیۆنی سوننییە، بە دەربڕینی پەیامی پشتیوانی بۆ کورد و خەڵکی کوردستان گوتی: " ئێمە بەلایەنی کەمەوە پشتیوانتان دەبین بۆ ئەوەی ببینە دراوسێ، لەهەمانکاتدا رێز لە یەکدی بگرین و لەسەر بنەمای رێز مامەڵە لەگەڵ یەکدیدا بکەین".

پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە