باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق: پاڵپشتی لە هاوئاهەنگیی نێوان پارتی و یەكێتی دەکەین

08-06-2023
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق دەڵێت، ئەمریکا پاڵپشتی لە هاوئاهەنگیی نێوان پارتی و یەكێتی دەکات لەسەر ئەو کێشانەی رووبەڕووی هەرێمی کوردستان و عێراق دەبنەوە. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 8ـی حوزەیرانی 2023، ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە تویتێکدا نووسی: "خۆشحاڵبووم کە جارێکی دیکە لە هەولێرم و لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوومەوە. ئەمریکا پاڵپشتی لە هاوئاهەنگیی نێوان پارتی و یەكێتی دەکات لەسەر ئەو کێشانەی رووبەڕووی هەرێمی کوردستان و عێراق دەبنەوە."
 
باڵیۆزی ئەمریکا دەشڵێت، "بەردەوام هانی چاکسازیی لە هێزەکانی پێشمەرگە، مافەکانی مرۆڤ و دڵنیایی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی هەرێمی کوردستان دەدەم لە زووترین کاتدا". 
 
لای خۆیەوە، نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، هەردوولا هاوڕابوون کە "پێویستە بە گفتوگۆ هەموو کێشەکان چارەسەر بکرێن. قوباد تاڵەبانی نەیشاردەوە نیگەرانە لە بەردەوامی ناکۆکییە سیاسییەکان، بەوپێیەی کاریگەری خراپی لەسەر ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان دروست کردوە و پێگەی هەرێمی کوردستانیشی لە بەغدا لاواز کردوە." 
 
سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانیش، جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند "پێویستە هەماهەنگی هەبێت تا بتوانرێت لە ماوەیەکی نزیکدا و بە باشترین شێوە هەڵبژاردنەکان بەڕێوەبچێت. داواشیکرد ئەمریکا و هاوپەیمانان هاوکاربن و رۆڵی خۆیان ببینین لە نزیککردنەوەی بۆچوونی لایەنەکان." 
 
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق کرا، لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی هیوای خواست یاساکە بە جۆرێک پەسند بکرێت کە لە بەرژەوەندی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان و هەموو عێراقدا بێت. داواشیکرد پەرلەمانتارانی عێراق لەکاتی دەنگدان بە پڕۆژە یاساکە بەرژەوەندییەکانی هەموو هاوڵاتییانی عێراق لەبەرچاو بگرن. ئەوەش بەگوێرەی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی. 
 
پێشتر، باڵیۆزی ئەمریکا لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کورستانیش کۆبووەوە. دوای ئەوە، مەسرور بارزانی رایگەیاند، تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکەیان، "تایبەت بوو بە بەشی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی، لەمبارەیەوە دووپاتمان کردەوە کە هەموو هەوڵێکمان داوە لە چوارچێوەی دەستوور و لە پێناو پاراستنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ حکومەتی فيدراڵ بگەینە رێککەوتن، بەڵام پێشێلکردنی مافەکانمان قبووڵ ناکەین." 
 
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق.

سوودانى: مەترسییەکانمان لەسەر عێراق دوورخستنەوە

سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند: حکومەتەکەى توانیویەتى مەترسییەکان لەسەر عێراق دوور بخاتەوە و داواى لە فەرماندە سەربازییەکانى نەینەوا کرد، جگە لە پیشەیی بوون مامەڵە بەهیچ پێوەرێکى دیکە نەکەن لە دابەشکردنى بەرپرسیارێتییە ئەمنییەکاندا.