بەشار کیکی: گواستنەوەی هێزەکانی پۆلیسی نەینەوا بۆ سپایکەر کارێکی هەڵەبوو

08-01-2016
کارزان رەسوڵ
نیشانەکردن سپایکەر موسڵ
A+ A-

رووداو - هەولێر

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رایگەیاند" گواستنەوەی هێزەکانی پۆلیسی نەینەوا لە بنکەی سەربازی دووبەردان لە رۆژهەڵاتی پارێزگای نەینەوا بۆ بنکەی سەربازی سپایکەر لە پارێزگای سەڵاحەددین کارێکی هەڵەبوو". جەختیشدەکاتەوە، کە"نازانن مەبەستی حکومەتی عێراق لە گواستنەوەی ئەو هێزە بۆ بنکەی سەربازی سپایکەر چی بووە".


بەشار کیکی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە(تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند" ئێمە دژی گواستنەوەی هێزەکانی پۆلیسی نەینەوابووین بۆ بنکەی سەربازی سپایکەر لە پارێزگای سەڵاحەددین، داوامان لە حکومەتی عێراقیش کردووە، ئەو پۆلیسانە بۆ بنکەی سەربازی دووبەردان، کە پێشتر هێزەکانی پۆلیسی نەینەوای لێبووین بگەڕێنێتەوە".

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گوتیشی" لەسەرەتاوە گواستنەوەی ئەو هێزانەی پۆلیسی نەینەوا بۆ بنکەی سەربازی سپایکەر کارێکی هەڵەبوو، نایشزانرێت مەبەستی حکومەتی عێراق لە گواستنەوەی ئەو هێزانەی پۆلیسی نەینەوا بۆ ئەو بنکەیە چیبووە".

هاوکات نەوفل حەمادی سوڵتان، پارێزگاری نەینەوا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند" لەگەڵ محەممەد غەبان، وەزیری ناخۆی عێراق کۆبووەتەوە و داوای لێکردووە، ئەو هێزانەی پۆلیسی نەینەوا بۆ بنکەی پێشتریان بگەڕێنێتەوە". بەبێ ئەوەی ئاماژەی بە وەڵامی وەزیری ناوخۆی عێراق بکات.

لە مانگی 6-ی ساڵی 2014  چەکدارانی داعش پارێزگای تکریتیان کۆنترۆڵکرد، دواتر لە چەند گرتەیەکی ڤیدیۆییدا لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بڵاویانکردەوە کە 1700 قوتابی و مامۆستا لە بنکەی سەربازیی سپایکەر ریزدەکەن و لە چەند شوێنێکی جیاوازدا بەدەست و چاو بەستراوی کۆمەڵکوژیان دەکەن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە