یەکێتى داوای بڕیاردەر و سەرۆکى لیژنەیەکى ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە دەکات

07-08-2024
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یەکێتى داواى بڕیاردەر و سەرۆکى لیژنەیەکى ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە دەکات. پشکى ئەو بەرەیەش دیاریکراوە کە بایکۆتى حکومەتى خۆجێییان کردووە. 
 
ئەوس مەهداوى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە لە فراکسیۆنى یەکێتیى نیشتمانى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، وەک یەکێتى داواى سەرۆکى لیژنەیەک و بڕیاردەرى ئەنجوومەنى پارێزگا و ئەندامیێتى دوو لیژنەى دیکەش دەکەین." 
 
ئەوس مەهداوى گوتى "ئەوەى داوای دەکەین، شایستەى پشکى کوردە لە پارێزگای دیالە نەوەک بە تەنیا یەکێتى."
 
لە یەکى ئابەوە ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە، سەرۆک و جێگرانى و پارێزگارى شارەکەى هەڵبژاردووە، بەوەش حکومەتى خۆجێیی ئەو پارێزگایە لەدواى زیاتر لە حەوت مانگ لە هەڵبژاردن، پێکهات.
 
دوو لە ئەندامانى هاوپەیمانیی 'دیالەتوناى وەتەنى' بایکۆى کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگا و حکومەتى خۆجێییان کردووە، سەرەڕاى ئەوەى لیستى یەکەم بوون و زیاتر لە 107 هەزار دەنگیان بەدەستهێنا. 
 
رەعد تەمیمى و موسەننا تەمیمى پارێزگارى پێشوو، ئەو دوو ئەندامەى ئەنجوومەنن کە بایکۆتى کۆبوونەوەکانیان کردووە، بەهۆیەوە هۆزى تەمیم خۆپێشاندانیان لەو شارە کرد و بەردەم هەندێک لە فەرمانگە حکومییەکانیان داخست، ئەوس مەهداوى دەڵێت "پشکی ئەو دوو ئەندامە لە حکومەتى خۆجێیی دیاریکراوە و دەبێت دانوستاندنی لەسەر بکرێت." 
 
رێککەوتنەکە وایکرد حکومەتى خۆجێیی لەنێوان شیعە و سوننە دابەش بکرێت، پارێزگار بۆ شیعە و سەرۆکى ئەجوومەن بۆ سوننە بێت.  
 
فارس جبوورى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە لە فراکسیۆنى سیادە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند تائێستا بەفەرمى هیچ دانوستاندنێک لەنێوان ئەوان و دوو ئەندامەکەى ئەنجوومەن نەکراوە، کە لەدژى پێکهاتەى ئێستاى حکومەتى خۆجێیین.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە