200 پەنابەری لوبنانی گەیشتنە بەسرە

9 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

تاوەکو ئێستا سەرووی 200 پەنابەری لوبنانی گەیشتوونەتە بەسرە و لیژنەیەکش بۆ پێشوازیان پێکهێنراوە.
 
عەقیل فرێجی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە، رۆژی یەکشەممە 06-10-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، یەکەم کاروانی لوبنانییەکان بە فەرمی رۆژی هەینی گەیشتووەتە بەسرە، دوێنیش دووەم کاروان گەیشتوون، کە سەرووی 200 کەس دەبن و لەلایەن ئیدارەی پارێزگای بەسرە پێشوازیان لێکراوە.
 
سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە دەڵێت، ئەمە جگە لەوەی هەندێک لە خێزانە لوبنانییەکان لە رێگەی دۆست و ناسیاوەکانیانەوە هاتوونەتە بەسرە و لە ماڵی ناسیاوەکانیاندا دەمێننەوە.
 
رۆژی سێشەممە (01-10-2024) ئەسعەد عیدانی، پارێزگاری بەسرە بە نووسراوێک کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، لیژنەیەکی بەسەرۆکایەتیی هیشام نیعمەت عەباس دەرهێنا، یاریدەدەری پارێزگار بۆ پێشوازی و هاوکاریکردنی هاووڵاتیانی لوبنان. دەسەڵات دراوەتە لیژنەکە شوێنی نیشتەجێبوون بۆ ئەو هاووڵاتییانە دابین بکات کە دەچنە پارێزگاکە. 
 
عەقیل فرێجی دەشڵێت، ئیدارەی بەسرە ئامادەکاریی کردووە و، بەردەوامە لە پێشوازیکردن لە لوبنانییەکان، کە ژمارەیان لەزیادبوونداتە. شوێنی نیشتەجێبوونیان بۆ دابین کردوون وەک هۆتێل و کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون.
 
دوێنێ (شەممە 05-10-2024) عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا  گوتی، تائێستا 5693 لوبنانی لە رێگەی دەروازەی سنووریی قائیم (دەکەوێتە سنووری پارێزگای ئەنبار) و فڕۆکەخانەکانی بەغدا و نەجەف گەیشتوونە عێراق.
 
زیاتر لە 1.2 ملیۆن خەڵکی لوبنان ئاوارە بوون. ئاوارەبوونی خەڵک بەهۆی بۆردوومانی چڕی ئیسرائیلە بۆ سەر بەیرووت و باشووری لوبنان. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە