رووداو دیجیتاڵ
گۆڕانکارى لە 14 پۆستى کارگێڕیى نەینەوا، لایەنە سیاسیەکانى ئەو پارێزگایەی کرد بە دوو بەرەى دژ بەیەک؛ سوننە دژى سوننە و کورد دژى کورد. یەکێتی 3 پۆستى بەدەستهێناوە و بەگوتەى خۆیان، 6 پۆستى دیکەى کارگێڕیش بۆ پارتى جێهێڵدراون.
بەشێک لە بەرپرسانى یەکە کارگێڕییەکان کە گۆڕدراون ئامادە نین کورسییەکانیان چۆڵ بکەن. بەڕێوەبەرى ناحیەى باشیک دەڵێت، "تاوەکو پارێزگار بڕیار نەدات، ئەو گۆڕانکارییە جێبەجێناکەم."
کۆبوونەوەى ئێوارەى 2ى تەممووزى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا بۆ گۆڕانکاری لە 14 پۆستی کارگێڕیی پارێزگاکە لایەنە سیاسییەکانى کرد بە دوو بەرەى دژیەک. نەیارانى گۆڕانکارییەکە بە "کودەتا" و پاڵپشتیکارانى بە گۆڕانکاریى دیموکراسیانە ناوى دەبەن.
هاوپەیمانیى نەینەواى ئایندە لە پشت گۆڕانکارییەکانەوە بوو کە پۆستى سەرۆکى ئەنجوومەنیان بەدەستەوەیە، بەڵام هاوپەیمانیى نەینەواى یەکگرتوو لەگەڵ فراکسیۆنى پارتى کە پێکەوە 13 ئەندامیان هەیە، دژی وەستانەوە.
محەممەد کاکەیی، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا لە فراکسیۆنى یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان لە کاتی بەشداریکردنى لە پۆدکاستى رووداوى عێراق گوتى، "3 بۆ 4 جار دانوستاندن لەگەڵ پارتى و نەینەواى یەکگرتوو کرا، بەڵام سەری نەگرت. 6 پۆست بۆ پارتى جێهێڵدراون کە وەک پشکى خۆیان وەریانبگرن."
ئەو یەکە کارگێرییانەى گوایە بۆ پارتى جێهێڵدراون بریتین لە بەڕێوەبەرانی ناحیەکانى خانکێ، ئەلقۆش، فایدە، گوێڕ، زیلکان و دیبەگە.
بە گوتەى محەممەد کاکەیی، پێشتر لیستى گۆڕانکاریى پۆستەکان دراوەتە لایەنی بەرامبەر، بەڵام رەتیان کردووتەوە.
هەڵبژاردنى قایمقامى نوێى شنگال، وەرگرتنەوەی پۆستی قایمقامى مەخموور لە پارتی دیموکراتی کوردستان و دانی بە یەکێتیى نیشتمانیی کوردستان، هەڵبژاردنى بەڕێوەبەرى ناحیەى سنوونێ کە بەربژێرەکەى یەکێتى بوو، کرۆکى سەرەکی تێبینى پارتی دیموکراتی کوردستانە لەسەر ئەو گۆڕانکارییانە.
هەندێک لە سەرۆکى یەکە کارگێڕییەکان لادراون و کەسى دیکە خراوەتە جێگەیان و پاساوى سەرەکیش ئەوە بووە کە ماوەى چوار ساڵى کارکردنیان لەو پۆستانە کۆتایی هاتووە.
ئەو پاساوە بۆ بەڕێوەبەرى ناحیەى باشیک بەوشێوەیە نەبوو کە ساڵێکە ئەو پۆستەى بەدەستەوەیە و ئامادە نییە پۆستەکەى رادەستى ئەو کەسە بکات کە لە جێگەى داندراوە، ئەگەرچى هەردووکیان کوردى شەبەکن.
غەزوان داودى، بەرێوەبەرى ناحیەى باشیک لە کاتی بەشداریکردنى لە پۆدکاستى رووداوى عێراق گوتى: " هێشتا لەپۆستەکەم ماوم و جێم نەهێشتووە؛ چاوەڕێى بڕیارى پارێزگارى نەینەوا دەکەم."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ