دادگەکانى عێراق دەست بە جێبەجێکردنى یاساى لێبووردنى گشتى دەکەنەوە

06-02-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

هەندێک لە دادگەکانى عێراق دەست بە رێکارەکانى جێبەجێکردنى یاساى لێبوردنى گشتى دەکەنەوە، ئەمە دواى ئەوەى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەری دژی بڕیارى فەرمانسالارى دادگەى فیدراڵى وەستایەوە بۆ راگرتنى کارکردن بەو یاسایە. 
 
جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق دەڵێت: "ئەوانەى یاساکە دەیانگرێتەوە دادگەیی دەکرێنەوە."
 
بە گوێرەى نووسراوێک کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 6ى شوباتى 2025، لەلایەن سەرۆکایەتیى دادگەى تێهەڵچوونەوەى دیوانیە ئاڕاستەى دادگەکانى سنوورى ئەو پارێزگایەى کراوە، ئاماژەى بەوەدا کە لەسەر بنەماى کۆبوونەوەى 5ـی شوباتى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى، بڕیاردراوە کە بەردەوام بن لە جێبەجێکردنى هەموارى یاساى لێبووردنى گشتى بە گوێرەى ئەو رێنماییانەى پێشتر ئەو ئەنجوومەنە دەری کردوون.  
 
ئەو هەنگاوە لەکاتێکدایە 4ـى شوبات دادگەى باڵاى فیدراڵى لەسەر بنەماى پێنج سکاڵا، بڕیارێکى فەرمانسالارى دەرکرد بۆ راگرتنى کارکردن بە سێ یاسا کە یەکێکیان هەموارى یاساى لێبووردنى گشتى بوو، تاوەکو ئەوکاتەى سکاڵاکان یەکلا دەبنەوە. 
 
رۆژێک دواتر، ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى کۆبوونەوە و لە دژى ئەو فەرمانسالارییە وەستایەوە و بە "نایاسایی" وەسفی کرد.
 
هەر ئەمڕۆ دادگەى تاوانەکانى نەجەف رێوشوێنى یاسایى لە دۆسیەیەکدا گرتووەتەبەر لەسەربنەماى هەموارى یاسای لێبوورنى گشتى. 
 
سەگڤان سندى، جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "رێکارەکانى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى بۆ جێبەجێکردنى هەموارى یاساى لێبووردنى گشتى نەوەستاوە" .
 
هەموارى دووەمى یاساى لێبووردنى گشتى چەند جۆرە سزادراوێکى دیاری کردووە بۆ ئەوەى بەر لێبووردنى گشتى بکەون و ئازاد بکرێن، بەتایبەت ئەوانەى کە لەسەر بنەماى هەواڵدەرى نهێنى یان دانپێدانانى کەسێکى دیکە، لەسەر دۆسیەى تیرۆر سزادراون. 
 
سەگڤان سندى ئاماژەى بەوەشدا کە ئەو کەسەى لێبوردنەکە دەیگرێتەوە، دادگایی دەکرێتەوە و نابێت رێگرى لە ئازادکردنى بکرێت لە دواى ئەوەى دادگە فەرمانى ئازادکردنى دەربکات.
 
 
 

 

  
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە