رووداو دیجیتاڵ
رۆژی هەینی، 06-01-2023، بە بەشداریی هەزاران هاندەر جامی کەنداو 25 لە بەسرە دەستیپێکرد کە ئەمە دووەمجارە عێراق لە مێژووی خۆیدا میوانداریی ئەو جامە بکات، دوای ئەوەی جاری یەکەم لە ساڵی 1979 لە بەغدا میوانداری کرد.
چەندین هاندەر بە جلوبەرگی کوردییەوە بەشدارییان لە رێوڕەسمی کردنەوەی جامی کەنداو 25 کرد. دواتر هاندەرە کوردەکان لە پاڵ هەزاران هاندەری عێراقی و عومانی سەیری یاریی نێوان عێراق و عومانیان کرد کە یارییەکە بە بێ گۆڵ کۆتایی هات.
هەشت هەڵبژاردە بەشداریی جامەکەیان کردووە و بەسەر دوو کۆمەڵەدا دابەشکراون؛ یەکەمیان هەڵبژاردەکانی عێراق، سعودیە، عومان و یەمەن لەخۆدەگرێت و یارییەکانیان لە یاریگەی نێودەوڵەتیی بەسرە بەڕێوەدەچن.
هەڵبژاردەکانی کۆمەڵەی دووەم لە قەتەر، ئیمارات، بەحرەین و کوێت پێکدێن، یارییەکان لە یاریگەی نێودەوڵەتیی مینا بەڕێوەدەچن.
جامی کەنداوی 25 دووەم گەورەترین بۆنەی وەرزشیی تایبەت بە تۆپی پێیە کە عێراق لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا میوانداریی کردبێت، دوای ئەوەی لە ساڵی 2019 لە شارەکانی کەربەلا و هەولێر میوانداری پاڵەوانێتی رۆژئاوای ئاسیای کرد.