حیزبوڵڵاى عێراقى: بلینکن بێتە عێراق کاردانەوەی تووندمان دەبێت

05-11-2023
هەستیار قادر
نیشانەکردن شەڕی ئیسرائیل و حەماس ئەمریکا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسێکى حیزبوڵڵاى عێراقى هەڕەشە دەکات کە ئەگەر وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا سەردانى عێراق بکات کاردانەوەى تووندیان دەبێت و بەشێوەیەکى "نائاشتییانە" پەنا بۆ داخستنى باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە بەغدا دەبەن .
 
ئەبوو عەلى عەسکەرى، بەرپرسی ئەمنى لە حیزبوڵڵاى عێراق لە راگەیێندراوێکدا هەڕەشەى ئەوە دەکات کە ئەگەر ئەنتۆنى بلینکن، وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا سەردانى عێراق بکات بە کاردانەوەیەک وەڵامیان دەبێت کە "وێنەى نەبووبێت."
 
بەرپرسەکەى حیزبوڵڵاى عێراقى ئەو هەڵوێستەى بەستووەتەوە بە شەڕى نێوان سوپاى ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکان لە شارى غەززەى فەلەستین کە بەگوتەى ئەو، ئەمریکا پاڵپشتی ئیسرائیل دەکات. 
 
ئەبوو عەلى عەسکەرى ئاماژەى بەوەشداوە کە بەشێوازى"نا ئاشتییانە" پەنا بۆ داخستنى باڵیۆزخانەى ئەمریکا و رێگرى لە هەڵگرانى رەگەزنامەى ئەمریکى بۆ چوونە نێو عێراق دەکەن.
 
ئەو هەڕەشەیەى حیزبوڵڵاى عێراقى کە گرووپێکى شیعەى نزیکە لە ئێران، لەدواى ئەوە هات کە دەنگۆى ئەوە هەیە ئەنتۆنى بلینکن لە گەشتەکەیدا بۆ هەندێک لە وڵاتانى رۆژهەڵاتى نێوەڕاست سەردانى عێراق بکات.
 
رۆژی 3ـی تشرینى دووەمى 2023، 'مقاوەمەی ئیسلامى لە عێراق' لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەداوە کە "بۆ پاڵپشتیکردن و سەرخستنى گەلى فەلەستینى و تۆڵەکردنەوەی شەهیدان، هەفتەى داهاتوو قۆناخێکى نوێى رووبەڕووبوونەوەى دوژمنانمان دەستپێدەکەین."
 
بەرپرسەکەى حیزبوڵڵاى عێراق دەڵێت، "لەدواى زیادکردنى ھێرشەکانی موقاوەمەى ئیسلامى لە عێراق، لەماوەى ئەم هەفتەیەدا، کار دەکەین بۆ داخستنى بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا لە عێراق و پەکخستنى لە ناوچەکە و ئەوە لە هەفتەکانى داهاتوودا پێى دەگەین، ئەگەر هێرشەکان ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بەردەوام بێت."
 
ئەبووعەلى عەسکەرى رایگەیاندووە، کردنەوەى دۆسیەى دەرکردنى هێزە بیانییەکان لەم کاتەدا "خۆڵکردنە چاوە" و هەوڵێکە بۆ بەستنى دەستى "موقاوەمە" و دوورخستنەوەى راى گشتیى نێوخۆیی بەرامبەر بە دۆسیەى غەززە و دەشڵێت، "دەبێت دەرکردنى ئەو هێزانە لە وڵات رووبدات."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە