نەجم جبووری بۆ رووداو: سوپا تەلەعفەر کۆنترۆڵدەکاتەوە و خۆم سەرپەرشتی دەکەم

05-11-2016
نەهرۆ محەممەد
رووداو
رووداو
نیشانەکردن شەڕی موسڵ تەلەعفەر
A+ A-

رووداو- هەولێر
 
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کۆنترۆڵکردنەوەی نەینەوا رایگەیاند سوپای عێراق تەلەعفەر کۆنترۆڵدەکاتەوە و خۆشی ئۆپەراسیۆنەکە بەڕێوەدەبات و دەشڵێت "هێزەکانی عێراقی گەیشتوونەتە سەنتەری ناحیەی حەمام عەلیل".


لیوا روکن نەجم جبووری، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کۆنترۆڵکردنەوە نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە کاژێر 10ی بەیانی ئەمڕۆ شەممە، هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی و فرقەی 15ی سوپای عێراقی هێرشیان بۆ سەنتەی ناحیەی حەمام عەلیل دەستپێکرد و ئێستاش هێزەکان گەیشتوونەتە نێو سەنتەری ناحیەکە".

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کۆنترۆڵکردنەوەی نەینەوا دەڵێت: "داعش ورەی رووخاوە و ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارانی داعش کوژران و ژمارەیەکی دیکەشیان لە شارەکە پاشەکشەیان کردووە و هەڵاتوون، تاوەکو ئێستاش 3 ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراوی چەکدارانی داعش تێکشکێنراون و لە چەند کاژێری داهاتوودا هێرشەکان چڕتردەکەینەوە بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنەوەی ناحیەکە".

لەبارەی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی تەلەعفەر و ئەو هێزەی بەشداریی لە کۆنترۆڵکردنەوەیدا دەکات نەجم جبووری گوتی "رزگارکردنی شاری تەلەعفەر پشتیوان بەخودا لەلایەن هێزەکانی سوپای عێراقی دەبێت، بەو پێیەی کە ئەرکی سەرپەرشتیکردنی ئۆپەراسیۆنەکە لەلایەن بەڕێز فەرماندەی گشتی هێزە چەکداران بە من سپێردراوە".



کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە