رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکى لەکارلادراوى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا رایگەیاند، دانیشتنى تایبەت بە لادانى "نایاسایی" بووە، چونکە پرسیارەکان درەنگ گەیشتوونەتە ئەنجوومەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە پێنجی ئادارى 2025، هاوپەیمانیى عەقدى وەتەنى راگەیێندراوێکى بەناوى ئەحمەد حاسوود، سەرۆکى لەکارلادراوى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا بڵاوکردەوە، دواى ئەوەى ئەمڕۆ ئەندامانی ئەنجوومەنى پارێزگا لەو پۆستە دووریانخستەوە.
لەو راگەیێندراوەدا ئەحمەد حاسوود ئاماژەى بەوەکردووە، دانیشتنى ئەنجوومەنی پارێزگا بۆ لێپرسینەوە لێى، پێچەوانەى یاسای پارێزگاکان و پەیڕەوى ناوخۆى ئەنجوومەنەکە بووە کە ئاماژە بەوە دەکات پێویستە پرسیارى لێپرسینەوە بەر لە حەوت رۆژ لە دانیشتنى ئەنجوومەن بگاتە دەستى ئەو کەسەى لێپرسینەوەى لێدەکرێت.
لە کۆبوونەوەکەدا ئەحمەد حاسوود ئامادە نەبوو، عەبدوڵڵا ئەسیل نوجەیفی ئەندامى ئەنجوومەن سەرپەرشتیی کۆبوونەوەکەی کرد و ئەو پرسیارانەی خوێندەوە کە بۆ سەرۆکى ئەنجوومەن ئامادەکرابوون.
ئەحمەد حاسوود دەڵێت: "پرسیارەکانى تایبەت بە لێپرسینەوە لە ماوەى یاسایی خۆیدا نەگەیشتوون، سێی ئادار گەیشتووەتە بەشى بەرایی لە ئەنجوومەنى پارێزگا، رۆژێک دواتر بەسەر ئەندامانى ئەنجوومەن دابەشکراون و رۆژى پێنجی ئادار کۆبوونەوەى ئەنجوومەن کراوە، ئەوە وای کردووە ئەو رێوشوێنانەى گیراونەتەبەر پێچەوانەى یاسابن لە رووى شێوە و ناوەڕۆکەوە".
بەشێک لە پرسیارەکان تایبەت بوون بە بڕوانامەى سەرۆکى ئەنجوومەن کە گوایە سەرەتاییە و ناتوانێت ئەو پۆستە بەڕێوەببات، بەشێکى دیکەى پەیوەست بوون بە گۆڕانکارییە کارگێڕییەکانی نەینەوا و گۆڕانکارى لە 14 یەکەى کارگێڕى و زیادکردنى بەبێ رێکارە یاساییەکان بۆ دانیشتێکى ئەنجوومەنى پارێزگا کە پار کرا.
لەبەشێکى دیکەى راگەیێندراوەکەى هاوپەیمانیى عەقدى وەتەنى لە نەینەوا هاتووە "هەر بڕیار و رێوشوێنێک کە لەسەر بنەماى ئەو کۆبوونەوەیەى ئەنجوومەنى پارێزگا بگیرێتەبەر، نایاسایی و پووچەڵە، سەرجەم هەنگاوە یاساییەکان دەگرینەبەر بۆ رێزگرتن لە یاسا و رێکارە کاراکان" .
ئەحمەد حاسوود لە پشکى هاوپەیمانیى عەقدی وەتەنى ئەو پۆستەى وەرگرتبوو، کە لەلایەن فالح فەیاز، سەرۆکى دەستەى حەشدی شەعبییەوە سەرۆکایەتى دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ