یەکەم فڕۆکە لە فڕۆکەخانەى موسڵ دەنیشێتەوە

04-04-2023
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئێوارەى ئەمڕۆ سێشەممە، یەکەم فڕۆکە بەشێوەی ئەزموونی لە فڕۆکەخانەی موسڵ دەنیشێتەوە، فڕۆکەکە لە جۆرى (C130) دەبێت.
 
رۆژی 4ى نیسانى 2023، ئەمین فەنەش، قایمقامى موسڵ بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئێوارەى ئەمڕۆ یەکەم فڕۆکە بەشێوەی ئەزموونی لە فڕۆکەخانەى  موسڵ دەنیشێتەوە و پارێزگارى شارەکەش ئامادەی بۆنەکە دەبێت." 
 
ئەمین فەنەش گوتیشى: "رۆژی 3ى نیشان لەڕێگەى فڕۆکەیەکى بچووکەوە پرۆسەى نیشتنەوەکە تاقیکرایەوە و راپۆرت دراوە لەبارەى ئەوەى کە فڕگەى فڕۆکەخانەکە شیاوە بۆ نیشتنەوەى فڕۆکەکەى ئەمڕۆ کە لە جۆرى (C130) دەبێت." 
 
رۆژی 10ى ئابى 2022، مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى ئەو کاتى عێراق بەردى بناخەى نۆژەن و ئامادەکردنەوەى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى موسڵى دانا، کە لە پرۆژەیاسای بودجەى 2021 بڕیارى نۆژەنکردنەوە و ئامادەکردنى درا و لەلایەن دوو کۆمپانیاى فەرەنسی و سعودیەوە جێبەجێ دەکرێت. 
 
قایمقامى موسڵ گوتی: "کۆمپانیاى جێبەجێکارى فڕۆکەخانە بەڵێنیداوە، تاوەکو ساڵێکى دیکە فڕۆکەخانەکە تەواو بکات."
 
بودجەى ئەو پڕۆژەیە 200 ملیار دینارە و نیوەى لە پارەى بلۆککراوى پێشووى پارێزگاى نەینەوایە لە سەردەمى شەڕى داعش و نیوەکەى دیکەى لە بودجەى یاسای پاڵپشتیى خێراى ئاسایشى خۆراک و پەرەپێدان دابین دەکرێت.
 
فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى موسڵ لە ساڵى 1920 دەست بە بنیاتنانی کراوە و رووبەرەکەى 1600 دۆنمە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە