رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى بەرگریى عێراق دەرگەى پێشکێشکردنى داواکاریى بۆ خولى 89ـی ئەکادیمیاى سەربازى دەکاتەوە، کە هاونیشتمانیانى هەرێمى کوردستان دەتوانن داواکارىی پێشکێش بکەن. خولەکە تایبەتە بە پسپۆرییە مەدەنییەکان.
بەگوێرەى راگەیێنراوێکى وەزارەتى بەرگریى عێراق، ئەمڕۆ (سێشەممە، 4ـی ئادارى 2025) لە رێگەى بەستەرێکى ئەلکیترۆنییەوە وەرگرتنى داواکاریی پێشکێشکردن بۆ ئەو خولە دەستىپێکردووە و تاوەکو 7ـی ئادار بەردەوام دەبێت.
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: بەوپێیەى لە راگەیێندراوەکەدا دیارینەکراوە کام پارێزگایانە دەگرێتەوە، هاونیشتمانیانى هەرێمى کوردستانیش دەتوانن داواکارى پێشکێش بکەن.
ئەو خولە 39 پسپۆریی جیاوازى دیاریکردووە، کە دەتوانن داواکارى پێشکێش بکەن، کە بڕوانامەى بەکالۆریۆسیان هەبێت لەوانە؛ ئەندازیار، دەرچووانى کۆلێژى زانست، راگەیاندن، پەیوەندییەکان، هونەرە جوانەکان، پەروەردەى وەرزشى، ئاسایشى ئەلیکترۆنى (سایبەر سکیۆریتى).
سەگڤان سندى، جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو کەسانەى لە هەرێمى کوردستانەوە داواکارى پێشکێش دەکەن بۆ ئەو خولە، دواتر وەزارەتى بەرگرى دیاری دەکات لە کوێ دەوام دەکەن.
سەگڤان سندى گوتى، "ئەو خولە بۆ کەرتى مەدەنیی سوپایە، لەوانە یەکەى ئەندازیاریى سەربازى. دەرچووانی خولەکەش بە پلەی ئەفسەر دادەمەزرێندرێن."
مەرجەکانى وەرگرتن بۆ ئەو خولە ئەوەیە، داواکار 20 ساڵى تەواو کردبێت و لە 26 ساڵیش زیاتر نەبێت، بەڵام بۆ ئەو کارمەندانەى وەزارەتى بەرگرى و سوپا کە داواکارییان پێشکێش کردووە، نابێت تەمەنیان لە 28 ساڵ زیاتر بێت.
پێویستە کەسى پێشکێشکار لە دایک و باوکێکى عێراقى بێت، بڕاونامەى بەکالۆریۆسى لە کۆلێژە مەدەنییە حکومییەکان یان ئەو کۆلێژە ئەهلیانەى لەلایەن وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیی عێراقەوە دانپێدانراوە، هەبێت.
هەروەها نابێت باڵای لە 165 سانتیمەتر کەمتر بێت و پێشتر لە خولى هاوشێوەى کۆلێژى سەربازى دەرنەکرابێت یان لە ریزى سوپاى هەڵنەهاتبێت.
بۆ پێشکێشکردن، دەبێت کەسى داواکار فۆڕمێک لە رێگەى ئەم بەستەرە ئەلکیترۆنییەوە پڕبکاتەوە:
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ