گالەری

رووداو دیجیتاڵ 

شاری كەربەلا لەم رۆژانەدا لە شارەکانی دیکەی عێراق ناچێت، چونکە بەهۆی نزیکبوونەوەی رۆژی چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن، پڕ بووە لە زیارەتکاران؛ ئەو زیارەتکارە شیعەمەزهەبانەی لە عێراق و جیهانەوە روویان لە شارەکە کردووە و رۆژانە بە نزاکردن و یادکردنەوەی ئیمام حوسێن، بەسەردەبەن.
 
تیمی رووداو لە کەربەلان بۆ رووماڵکردنی رێوڕەسمەکانی یادی چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن. زیارەتکاران رۆژانە بەدەم گریانەوە نزا دەکەن و چالاکیی جۆراوجۆر دەکەن.
 
ساڵ بە ساڵ ژمارەی زیارەتکاران بۆ عێراق لەزیادبووندایە، دەروازەکانی کوردستانیش لە سنووری ئێرانەوە زیاتر کارئاسانییان کردووە و رێگەخۆشکەربوون بۆ زیادبوونی ژمارەی زیارەتکاران، بەجۆرێک بەپێی ئامارێکی عەتبەی عەباسی، لە دەستپێکی عاشوورادا تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 21 ملیۆن زیارەتکار لە ناوەوە و دەرەوەی وڵاتەوە سەردانی کەربەلایان کردووە.
 
ئیلاهە ئەمیری، کچێکی ئێرانییە و بەمەبەستی زیارەتکردن هاتووەتە کەربەلا، قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی "یەکەمجارە سەردانی عێراق و ئیمام حوسێن دەکەم. زۆر دڵخۆشم، نازانم خەونە یان راستی. سێ رۆژە لێرەم و بڕیارمداوە هەموو ساڵێک بێمەوە."
 
ئەو کچە زیارەتکارە ئێرانییە هەروەها گوتی "نەمدەزانی خەڵکی ئێرە هێندە میهرەبانن، لە هەموو جیهاندا قومێک ئاو بەپارەیە، بەڵام من وا سێ رۆژە لێرەم، خواردن و خواردنەوە و تەنانەت جێگەی مانەوەش هەمووی بێ بەرامبەر بووە."