دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەریی عێراق: 37 بەرپرسی کۆمپانیای نەوتی باکوور بەعسین

03-06-2024
هیوا حوسامەدین
هیوا حوسامەدین
داوا دەکرێت ئەو 37 بەرپرسە لە کۆمپانیای نەوتی باکوور لە پۆستەکانیان نەمێنن
داوا دەکرێت ئەو 37 بەرپرسە لە کۆمپانیای نەوتی باکوور لە پۆستەکانیان نەمێنن
A+ A-
 
رووداو - کەرکووک

بەپێی نووسراوێکی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەریی عێراق، 37 بەرپرسی بەش و هۆبەی باڵای کۆمپانیای نەوتی باکوور، بەعسین و نابێت لە پۆستەکانیان بمێننەوە.
 
نووسراوەکە وێنەیەکی ئاراستەی وەزارەتی نەوتی عێراق کراوە، دوو جار لیژنەی لێکۆڵینەوەی لەسەر پێکهێندراوە و دواتر داخراوەتەوە.
 
یوسف شوانی، کارمەندی پێشووی کۆمپانیای نەوتی باکوور دەڵێت، "سەلمێندراوە کە ئەوانە بەعسین، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ رێکارێکی دروستیان لە دژ نەگیراوەتەبەر و بابەتەکەیان داخراوە. ئەمانە کاریگەرییان هەیە لە رێگریکردن لە دامەزراندن و دروستکردنی کێشە بۆ فەرمانبەران، تەنانەت دەستیان لەو کێشانەشدا هەیە کە بۆ نەوتی هەرێمی کوردستان دروست دەبێت."
 
دانیشتووانی 40 ماڵی گەڕەکی عەرەفەی کەرکووک پێنج مانگە کۆمپانیای نەوتی باکوور دەیەوێت لەنێو خانووەکانیان دەریان بکات، ئەوانیش دژی ئەو بڕیارە مانیان گرتووە.
 
فەرهاد بایز، نوێنەری مانگرتووانی گەڕەکی عەرەفە دەڵێت، "ئەو کۆمەڵە کەسەی داواکراون لە دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەریی عێراق، ئەوانە کێشەکانیان لە ئێمە گەورە کردووەتەوە، لەبەر ئەوەی هەمان کێشەکانی ئێمە لە شارەکانی دیکەی باشوور و نێوەڕاستی عێراق هەیە، هەمووی چارەسەر کراوە، لەبەر ئەوەی لەلای ئەوان بەعسیەکان نەماون و کاریان ئاسان کراوە، ئەوەی ماوە تەنیا لە کەرکووکە، بیرکردنەوەی شۆڤێنیی بەعس هێشتا لە کۆمپانیای نەوتی باکوور بەردەوامە."
 
لە کۆی 42 پۆستی سەرەکیی کۆمپانیای نەوتی باکوور 37 پۆستیان لەلای ئەو کەسانەن، کە دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری داوای دوورخستنەوەیان دەکات، جگە لە کورد، عەرەبی سوننە و شیعە دژی دوورخستنەوەی ئەو 37 بەرپرسەن و پشتیوانییان دەکەن.
 
سەباح حەبیب، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "لێپرسینەوە و دادپەروەری جارێک لێکۆڵینەوەی کردووە، بەڵام دواتر بابەتەکەی داخستووە، بەڵام ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر هەوڵەکانمان، بۆئەوەی بتوانین لێکۆڵینەوەکە بکرێت، ئەو 37 بەرپرسە کاتی خۆی لەسەر پشکی پێکهاتەکانی کورد و تورکمان هاتوون و دەبێت لەوێ نەمێنن و پۆستەکانیش دابەش بکرێتەوە."
 
لە نووسراوەکەی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەریی عێراقدا، بەشێک لەو 37 بەرپرسە تەمەنی کارکردنیان لە کۆمپانیاکە بۆ درێژکراوەتەوە و لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە پاداشت و ستایش کراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە