دادگەى فیدراڵى تاوتوێى گۆڕانکارییە کارگێڕییەکانى نەینەوا دەکات

03-03-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق تاوتوێى سکاڵایەکى پارێزگارى نەینەوا دەکات بۆ هەڵوەشاندنەوەى 14 بڕیار کە تایبەت بوون بە گۆڕانکارییە کارگێڕییەکانى سنوورى ئەو پارێزگایە. 
 
یەکەم دانیشتنى دادگەى باڵاى فیدراڵی لە بارەى ئەو سکاڵایە سبەی سێشەممە، 4ى ئاداری 2025 دەکرێت، سکاڵاکە لەلایەن عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاى نەوینەوا لە دژى ئەحمەد حاسوود، سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا تۆمار کراوە.
 
لەو سکاڵایەدا پارێزگارى نەینەوا داوا دەکات بڕیارەکانى ژمارە 21 بۆ 40ى کۆبوونەوەى ژمارە 14ى ئەنجوومەنى پارێزگا بە "نادەستوورى بناسێنرێن، کە تایبەت بوون بە لادان و هەڵبژاردنی ژمارەیەک قایمقام و بەڕێوەبەرانى ناحیە لە سنوورى پارێزگاکە. 
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 3ى ئادارى 2025، محەممەد کاکەیی، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "دادگەى باڵاى فیدراڵی سکاڵاکەى ناردووە بۆ ئەنجوومەنى پارێزگا و داواى وەڵامیان کردووە. ئێمەش هەمان پاساوى دەرکردنى بڕیارەکانمان بۆ ناردوون".
 
یەکى تەممووزى 2024، ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا گۆڕانکاری لە سەرۆکى 20 یەکەى کارگێڕیی کرد، بەڵام هاوپەیمانی نەینەواى یەکگرتوو و فراکسیۆنى پارتى، بایکۆتى کۆبوونەوەکەیان کرد و لە دژى گۆڕانکارییەکان وەستانەوە. گۆڕانکارییەکانی بە زۆرینەى دەنگى هاوپەیمانیی نەینەواى ئایندە کرا.
 
پارێزگارى نەینەوا تاوەکو ئێستا ئامادە نییە واژۆ لەسەر ئەو گۆڕانکارییە کارگێڕییانە بکات و پێیوایە بە "نایاسایی" دەرکراون.
 
محەممەد کاکەیی گوتى: "سکاڵاکە لەسەر 14 بڕیارە، نەک هەموو گۆڕانکارییە کارگێڕییەکان". 
 
دانیشتنەکەى دادگەى باڵاى فیدراڵى بەبێ دادبینییە، بەو پێیە ئەگەری زۆرە لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیارى کۆتایی بدرێت. 
 
26ى کانوونى یەکەمى 2024 دادگەى کارگێڕى سکاڵاى حەوت قایمقام و بەڕێوەبەرى ناحیەى لە نەینەوا رەتکردەوە، کە لە دژى لادانیان لە پۆستەکانیان لەلایەن ئەنجوومەنى پارێزگا، تۆماریان کردبوو.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە