رووداو دیجیتاڵ
دەستەى دەستپاکیی عێراق داواکراوێکى دۆسیەى گەندەڵى لە کوێت وەردەگرێتەوە کە بەڕێوەبەرى پێشووتری ئەنجوومەنى کارگێڕیى کۆمپانیاى گواستنەوەى وشکانى بووە و لەگەڵ براکانى نزیکەى شەش ملیار دیناریان بە گەرەنتى هەژمارێکى بانکى ئەو کۆمپانیایە بە قەرز وەرگرتووە.
دەستەى دەستپاکیی عێراق لە راگەیێنراوێکدا رادەستکردنەوەى ئەو داواکراوەى راگەیاند.
ئەو تۆمەتبارە ناوى محەممەد عەبدولحوسێن جەعفەرە و بەڕێوەبەرى ئەنجوومەنى کارگێڕیى کۆمپانیاى گواستنەوەى وشکانى سەر بە وەزارەتى گواستنەوە بووە، رادەستکردنەوەى بە لایەنى عێراقى دواى ئەوە هات کە دەسەڵاتدارانى کوێت لە وڵاتەکەیان دەستگیریان کرد.
بە گوێرەى دەستەى دەستپاکى، ئەو تۆمەتبارە ساڵى 2010 بە رێککەوتن لەگەڵ براکانى هەژمارێکى رەوانى لە یەکێک لە بانکەکان کردووەتەوە و پارەى کۆمپانیاکەى تێدا داناوە و دواى سێ مانگ، داوایەکیان پێشکێش بە بانکەکە کردووە تاوەکو لەسەر گەرەنتى ئەو هەژمارە بانکییەى کۆمپانیاکە قەرزیان پێ بدرێت.
بڕى ئەو قەرزەى بەو شێوەیە وەریان گرتووە، بە گوێرەى راگەیێندراوەکە، پێنج بۆ شەش ملیار دینار بووە و، بۆ ئەوەش پشتگیرییان لە کۆمپانیاى گواستنەوەى وشکانى بۆ بانکەکە بردووە.
دەستەى دەستپاکى ئاماژەى بەوەداوە کە دادگەى تاوانەکانى تایبەت بە دۆسیەکانى دەستپاکى بە شێوەى نائامادەبوون سزاى حەوت ساڵ بەندکردنى بۆ ئەو هاووڵاتییە بڕیوەتەوە بە تاوانی زیانگەیاندن بە موڵک و ماڵى گشتى.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ