ئەنجامی کۆبوونەوەکەی بەرپرسانی کورد لە بەغدا؛ مووچەخۆران چاوەڕێی چی بکەن؟

02-09-2024
سیروان عەباس
کۆبوونەوەی بەرپرسانی کورد لە بەغدا لەبارەی مووچە
کۆبوونەوەی بەرپرسانی کورد لە بەغدا لەبارەی مووچە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کێشەی مووچە، سەرۆککۆمار، نوێنەر و بەرپرسانی کوردی لە بەغدا کۆکردەوە و رایانگەیاند مووچەی مانگی حەوت دەدرێت و چەند رۆژێک دواتر، مووچەی مانگی هەشتیش دابەش دەکرێت.
 
فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری لەدوای کۆبوونەوەکە شەوی (یەکشەممە، 1-9-2024) جەختی لەوە کردەوە "کێشەی مووچەی مانگی حەوت چارەسەر بووە و هەوڵدەدەین لە ماوەیەکی کورتدا کێشەی مووچەی مانگی هەشتیش چارەسەر بکەین."
 
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆککۆماری عێراق، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری، وەزیر، سەرۆک فراکسیۆنە کوردستانییەکان و ئەندامانی لیژنەی دارایی ئامادە بوون، کە لە ماڵی جێگری سەرۆکی پەرلەمان کرا. 
 
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند "(کێشەی) مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان هەر لێرە چارەسەر دەکرێت، لە کۆبوونەوە بڕیاردرا وەک بڕیاردەری فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەگەڵ  وەزیری دارایی قسە بکەین و ئەویش ئامادەیی دەربڕی ئەمانە لای خۆیان چارەسەر دەکەن."
 
هەروەها رایگەیاند "دیارە ناڕوونییەک هەبوو لەلای ئەوان، کە ئەمانە فەرمانبەری هەرێمی کوردستانن و لەو ناوچانەن، پێیان وابوو لە دوو شوێن مووچە وەردەگرن، ئەمە ئەوان چارەی دەکەن، هەندێک بڕگەش هەن پێویستیان بە روونکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، کە لەماوەی ئەم هەفتەیە وەڵامەکەی بدەنەوە."
 
بڕیاردرا، نوێنەرانی کورد لە هەموو فراکسیۆنە کوردستانییەکان، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزیر و بەرپرسانی کورد لەنێو حکومەتی عێراق، پێکەوە گوشار بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە.
 
سەبارەت بە مووچەی خانەنشینانیش ئیخڵاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی "پێشنیازێکمان داوەتە بەڕێز سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ بۆ هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ."
 
بەپێی گوتەی بەشداربووانی کۆبوونەوەکە، 10 رۆژ دوای مووچەی مانگی حەوت، مووچەی مانگی هەشتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی وەرگیراو لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە ساتی گەیشتنی ژمارەیەک سەربازی سووریایی بۆ عێراق نیشاندەدات

سەدان سەربازی سووریایی لە عێراقەوە نەگەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان و دەبرێنە بەغدا

سەدان سەرباز و پلەدارى سوپاى سووریا کە ئامادە نەبوون بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان، گوێزراونەتەوە بۆ بەغدا. سەرۆکى لیژنەى ئەمنیی ئەنجوومەنى پارێزگاى ئەنبار دەڵێت "هەندێکیان ترسیان لە گەڕانەوە هەیە."