عێراق

ژمارەیەک ئاوارەی لوبنانی لە پارێزگای بابل لە عێراق. مێژووی وێنەکە بۆ 20-10-2024 دەگەڕێتەوە - AFP
رووداو دیجیتاڵ
لە چوار رۆژدا نزیکەى 4,000 هاووڵاتیی لوبنان لە عێراقەوە بە رێگەى وشکانى گەڕاونەتەوە و بڕیارە یەکەم کاروان بە رێگەى ئاسمانى لە نێوەڕاستى ئەم هەفتەیە بگەڕێندرێنەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، عەلى جەهانگیر، گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: لە رۆژى چوارشەممەى رابردووەوە (27ى تشرینى دووەم) گەڕانەوەى خۆویستانەى لوبنانییەکان لە عێراق دەستیپێکردووە و تاوەکو دوێنێ شەممە نزیکەى 4,000 هاووڵاتی لە رێگەى دەروازەى قائیم و خاکى سووریاوە گەڕاونەتەوە.
عەلى جەهانگیر کە هاوکات سەرۆکى لیژنەى گەڕانەوەى ئاوارەکانى لوبنانە گوتى: "وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران پێداویستییەکانى گەڕانەوەى ئەو ئاوارانە دابین دەکات".
زیاتر لە 22 هەزار ئاوارەى لوبنان روویان لە عێراق کردووە، 1ی تشرینى یەکەمى 2024، یەکەم کاروانى لوبنانییەکان گەیشتنە عێراق، کە بە هۆی شەڕی ئیسرائیل و حیزبوڵڵاوە دەربەدەر بوون.
گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق رایگەیاند: گەڕانەوەى ئەو لوبنانییانە بە رێگەى وشکانى بەهۆى دۆخى سووریاوە راگیراوە، بڕیارە 3ى کانوونى یەکەم لە رێگەى ئاسمانییەوە یەکەم کاروان بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.
لە 27ى تشرینى دووەمى 2024ـەوە دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی هاوپەیمانی کە دژبەری حکومەتی بەشار ئەسەدی سەرۆککۆماری سووریان، دەستیان بە هێرش بۆ سەر رۆژئاوای حەلەب کرد و ناوەندی شارەکەیان کۆنترۆڵکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ