رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنى هەواڵگریى نیشتمانیى عێراق چەند راسپاردەیەک لەبارەى دۆخى سووریا دەداتە محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکان و دەڵێت، پاڵپشتى گەلى سووریا و سوپاکەى دەکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنجوومەنى هەواڵگریى نیشتمانیى عێراق بە سەرۆکایەتیى قاسم ئەعرەجى، راوێژکارى ئاسایشى نیشتمانی لەبارەى دۆخى سووریا کۆبووەوە.
بەگوێرەى راگەیێندراوی نووسینگەى رۆژنامەڤانیى قاسم ئەعرەجى، لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێى پێشهات و گۆڕانکارییەکانى ئەم دواییەى سووریا و ئەو "هەڕەشانە" کراوە کە ئەگەر هەیە لێوەى دروست بێت و باسیشیان لەو رێوشوێنانە کردووە کە پێویستە بگیرێنەبەر بۆ پاراستنى "ئاسایشى نیشتمانیی عێراق".
لە 27ى تشرینى دووەمى 2024ـەوە دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی هاوپەیمانی دەستیان بە هێرش بۆ سەر رۆژئاوای حەلەب کرد.
ئەنجوومەنى هەواڵگریى نیشتمانیى عێراق دەڵێت، چەند راسپاردەیەکیان لە بارەى ئەو دۆخە ئامادەکردووە و دەیانخەنە بەردەم فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکان.
ئەو ئەنجوومەنە دەڵێت، "ئەوەى لە سووریا دەگوزەرێت کارى تیرۆریستییە و عێراق پاڵپشتى گەلى سووریا و سوپاکەى بۆ رووبەڕووبوونەوەى تیرۆر دەکات".