رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران داوا لە سوپای پاسداران دەکات، بڕیارێکی 31 ساڵ پێش ئێستای رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبارەی قەڵای فەلەکولئەفلاکی لوڕستان جێبەجێ بکات و بنکە سەربازییەکەی لە دەوروبەری قەڵاکە لاببات.
لە کۆبوونەوەی تایبەت بە نەهێشتنی کۆسپەکانی بەردەم بەرهەمهێناندا کە رۆژی پێنجشەممە، 28-09-2023، بە ئامادەبوونی سەرۆککۆماری ئێران بەڕێوەچوو، ئیبراهیم رەئیسی لە وەڵامی داواکاریی بەرپرسانی لوڕستان بۆ چۆڵکردنی بنکەی سەربازیی سوپای پاسداران لە دەوروبەری قەڵای فەلەکولئەفلاکی خوڕماوا گوتی، دەبێت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵی هەتاوی سوپای پاسداران ئەو بنکەیە چۆڵ بکات.
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ساڵی 1992 بڕیاریداوە سوپای پاسداران ئەو بنکەیەی لە خوڕماوا چۆڵ بکات و شوێنەکە رادەستی وەزارەتی میراتی کولتووری و گەشتیاری بکرێت، بەڵام تائێستا بڕیارەکەی رێبەر جێبەجێ نەکراوە.
قەڵای فەلەکولئەفلاک لە دیارترین شوێنەوارە مێژووییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە و لە ناوەندی شاری خوڕماوای لوڕستانە. قەڵاکە لە ساڵی 651ی زایینی دروستکراوە و تائێستا چەندجارێک نۆژەنکراوەتەوە. ئەو قەڵایە ساڵی 1969 لە ئێران وەکو شوێنەوارێکی نیشتمانی تۆمار کراوە.
پێشتر هەوڵی تۆمارکردنی قەڵای فەلەکولئەفلاک لە لیستی شوێنەوارەکانی رێکخراوی یونسکۆ دراوە، بەڵام بەهۆی بوونی بنکەی سەربازیی سوپای پاسداران لە دەوروبەری قەڵاکە، یونسکۆ تائێستا ئامادە نەبووە تۆماری بکات.
سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، تاوەکو کەمتر لە شەش مانگی دیکە سوپای پاسداران دەبێت بنکەکەی چۆڵ بکات و رادەستی وەزارەتی میراتی کولتووری و گەشتیاری بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ