رووداو دیجیتاڵ
لە 12 رۆژی رابردووی خۆپێشاندانەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، زۆربەی شەقامەکان لەو شوێنانەی خۆپێشاندانیان تێدا بەڕێوەدەچێت بوونەتە شوێنی رووبەڕووبوونەوەی خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکان. سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاندووە، رێگە بە "ئاژاوە" نادەن.
رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە، لە خۆپێشاندانەکانی شەوی رابردوودا هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە خۆپێشاندەران کردووە و هەشت کەسیان بریندار کردووە.
ناڕەزایەتییەکان لە هەندێک لە شارەکانی ئێرانیش بەردەوامن. هەرچەندە موحسێن مەنسووری، پارێزگاری تاران رایگەیاند، ناڕەزایەتییەکان کۆتاییان هاتووە، بەڵام شەوی رابردوو لە شەقامێکی تاران خۆپێشاندان بەڕێوەچوو.
ناڕەزایەتییەکان دوای مەرگی گوماناویی ژینا ئەمینی دەستیان پێکرد، کە لەلایەن پۆلیسی رەوشتی تاران دەستگیرکرابوو. گرووپی دادپەروەریی عەلی بڵاوی کردووەتەوە، بەڵگەی هەیە کە "پۆلیس پاڵی بە ژیناوە ناوە" و بەو هۆیەوە سەری بە قەراخ شۆستەی شەقام کەوتووە. بەرپرسانی ئێران تاوەکو ئێستا ئەمەیان رەتکردووەتەوە.
گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی پەرەی بە ناڕەزایەتییەکان دژی باڵاپۆشی زۆرەملێ داوە، بەڵام سەرۆککۆماری ئێران، باڵاپۆشی وەکو یەکێک لە بەها نەگۆڕەکانی وڵاتەکەی لە قەڵەم دا.
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، "ئەوەی کە گۆڕانی بەسەردا نایەت، بەهاکانە. دەکرێت رێکارەکان بگۆڕدرێن، بەڵام دەبێت مەودای نێوان ناڕەزایەتی و ئاژاوە دیاریبکرێت. هیچ کەس رێگەنادات کەسێک بە ئاژاوە ئاسایشی کۆمەڵگە تێکبدات. گیان و دارایی خەڵک هێڵی سوورە."
حکومەتی ئێران بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان سەتان کەسی دەستبەسەر کردووە. رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور رایگەیاندووە، لە رۆژانی رابردوودا لانیکەم 33 رۆژنامەنووسیش دەستبەسەر کراون.
رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتییش دەڵێت، هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەرکوتکردنی خەڵک بێبەزەییانە تووندوتیژی بەکاردێنن و داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، رێکارێک دابنرێت بۆئەوەی بە شێوەی سەربەخۆ لێکۆڵینەوە لە سەرکوتکردنی نایاسایی ناڕەزایەتییەکان بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ