کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەستی هاوکاری بۆ ئێران درێژ دەکەن

19-05-2024
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
هێشتا روون نییە ئاخۆ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران و حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە لە رووداوی وەک میدیای ئێرانی دەڵێت "خراپ نیشتنەوە"ـی هێلیکۆپتەرەکەیان رزگاریان بووە یان نا، بەڵام رووداوەکە زوو سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆخۆی راکێشا.
 
بۆ ئەمریکا کە دەسەڵاتی ئێران بە "نەیار" ئەژماری دەکات، رووداوەکە جێگەی بایەخ بوو. میدیای ئەمریکا بە پشتبەستن بە سەرچاوەی ناونەبراو رووداوەکەیان بە "تێکشکانی هێلیکۆپتەرەکەی" رەئیسی بڵاوکردەوە.
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە ئەتلانتای ویلایەتی جۆرجیا لە ئاهەنگێکی دەرچوونی کۆلێژی موورهاوز گوتاری پێشکێش دەکرد، کاتێک هەواڵی تێکشکانی فڕۆکەکەی رەئیسی بڵاوبووەوە.
 
بایدن دوای گوتارەکە کۆتایی بە پشووی فەرمی خۆی هێنا و بۆ کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئیدارەکەی گەیشتەوە کۆشکی سپی.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، "لە نزیکەوە چاودێری هەواڵی ئەگەری نیشتنەوەی سەختی هێلیکۆپتەری سەرۆک و وەزیری دەرەوەی ئێران دەکەین."
 
دوای تێپەڕبوونی کەمتر لە دوو کاژێر بەسەر رووداوەکەدا، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە هەژماری خۆی لە ئێکس، ئامادەیی هاوکاریکردنی لە پرۆسەی گەڕان بەدوای هێلیکۆپتەرەکەی رەئیسی و هاوسەفەرەکانی پیشاندا.
 
سعودیە کە لە ئاداری 2023 پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران ئاسایی کردەوە، رایگەیاند، "پاڵپشتیی شانشین بۆ ئێران لەم دۆخە سەختە دووپاتدەکەینەوە." 
 
وەزارەتی دەرەوەی سعودییە رایگەیاند، "ئامادەی هەموو هاوکارییەکین بۆ ئێران."
 
کۆمیسیۆنی ئەورووپاش لە راگەیێندراوێکدا گوتی، لەسەر داوای ئێران مانگی دەستکردی بۆ دۆزینەوەی هێلیکۆپتەرەکەی سەرۆککۆماری ئێران چالاککرد.
 
رەئیسی بە هاوبەشی لەگەڵ وڵاتی ئازەربایجان بەنداوی قیز قەڵاسی لەسەر رووباری ئاراس کردەوە، لەکاتی گەڕانەوە لە پارێزگەی تەورێز تووشی رووداو بوو.
 
ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێکس حەپەسانی خۆی بە هەواڵەکە دەربڕی و گوتی، "وەکو دراوسێیەک و دۆست و وڵاتی برامان، کۆماری ئازەربایجان ئامادەیە بۆ هەر هاوکاریێکی پێویست."
 
ئیبراهیم رەئیسیی تەمەن 63 ساڵ لە 2021 وەکو سەرۆککۆمار هەڵبژێردرا، هاتنە دەسەڵاتی وەکو کەسێکی نەریتخواز لە نێوخۆ و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی جێگەی سەرنج بوو، بەتایبەتی لەدوای سەرهەڵدانی خۆپێشاندانەکانی ئەیلوولی 2022 لەدوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی دوای ئەوەی لەلایەن پۆلیسی رەوشتی تاران لەسەر شلبەستنی لەچک گێچەڵی پێکرا.
 
خۆپێشاندانەکان سەرکۆنەی نێودەوڵەتیان بەدواوە هات و سەرتاسەری جیهانی گرتەوە.
 
رەئیسی هەڵوێستی تووندی لەبارەی رێککەوتنی ئەتۆمی هەبوو، زیاتر لە 9 کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەمریکا بە ناراستەوخۆ ئەنجامدا، بەڵام کۆبوونەوەکان بەهۆی بێ ئەنجامی گەیشتن بە بنبەست.
 
لەسەردەمی ئیبراهیم رەئیسی و لە پەرچەکرداری سزای بەردەوامی وڵاتانی رۆژئاوا، یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران گەیشتە 60٪، بڕێکی کەمی ماوە بگاتە ئەو ئاستەی چەکی ئەتۆمی لێوە بەرهەمدێت.
 
رەئیسی بەمدواییانە زیاتر کەوتە بەرچاوی کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی دوای ئەوەی لە 13ی نیسانی ئەمساڵ ئێران زنجیرە هێرشێکی کردە سەر ئیسرائیل لە تۆڵەی کوژرانی بەرپرسێکی ئێرانی لە نێو باڵیۆزخانەکەیان لە دیمەشقی پایتەختی سووریا.
 
ئێران 170 درۆن و 30 مووشەکی کرووز و 120 مووشەکی بالیستی ئاراستەی ئیسرائیل کرد. تەل ئەڤیڤ رایگەیاند، 99٪ی هێرشەکەیان شكستپێهێناوە.
 
هەریەک لە ئەرمینیا، پاکستان و هیندستان هاوخەمیان بۆ رووداوەکە پیشاندا، رووسیا ئامادەیی پێشاندا بەشداربێت لە پرۆسەی گەڕان بەدوای ئیبراهیم رەئیسی و هاوسەفەرەکانی.
 
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، "لە دڵەوە هیوا دەخوازین زیندوو بن و هیچ شتێک هەڕەشە لە ژیانیان و تەندروستیان نەکات."
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە هەژماری خۆی لە ئێکس ئامادەیی هەموو هاوکاری و "هاوئاهەنگییەکی" بۆ ئێران پیشاندا.
 
ئاژانسی ئافادی تورکیاش دەڵێت، هێلیکۆپتەرێکی شەوبینیان لەگەڵ 32 شارەزای رزگارکردن لە چیاکان ناردووەتە ئێران.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە