رووداو - هەولێر
وەزیری بەرگریی ئێران رەتیدەکاتەوە وڵاتەکەی دەستی هەبووبێت لە هێرشکردنە سەر کێڵگە نەوتییەکانی سعودیە و دەڵێت، ئەوە خەونی سعودیە و ئیسرائیلە کە دەیانەوێت ئەمریکا رابکێشنە نێو شەڕێکەوە لە ناوچەکەدا.
رۆژ چوارشەممە ئەمیر حاتەم، وەزیری بەرگریی ئێران لەدوای بەشداریکردنی بوو لە کۆبوونەوەی ئاسایی حکومەت لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، وڵاتەکەی بە تووندی هەموو ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە کە ئێران بەشداربێت لە هێرشەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی سعودیە.
ئەمیر حاتەم دەڵێت "ئەوە بە تەواوی روونە کە ئەو کێشەیە پەیوەندی بە ئاڵۆزییەکانی نێوان سعودیە و یەمەنەوە هەیە، لە راستیدا سعودیە و رژێمی زایۆنیستی ئیسرائیل لەماوەی رابردوودا هەوڵی زۆریانداوە ئەمریکا رابکێشنە نێو شەڕێکەوە لەو ناوچەیەدا، ئەوە خەونی ئەوان بووە بۆ ئەوەی ببێت بە راستی، ئەوان لەسەر ئەو بیرۆکە کاریان کردووە بۆ ئەوەی رووبەڕووبوونەوەی سەربازی رووبدات و ئەوانیش سودی لێوەربگرن".
وەزیری بەرگریی ئێران تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە و دەڵێت "ئێمە ئەو تۆمەتانەی دەدرێتە پاڵمان بە تەواوی رەتدەکەینەوە، بە هیچ شێوەیەک رێگەی تێناچێت، چونکە هیچ هۆکار و بەڵگەیەک نییە بۆ ئەو تۆمەتانە، ئەوەی دەگوترێت تەنها تۆمەتە و هەموو لایەنێکیش دەتوانێت بیخاتە پاڵ هەر وڵاتێکی دیکە، بۆیە ئەو تۆمەتانە هیچ بەهایەکیان نییە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ