16-03-2020
00:06
ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە تورکیا گەیشتە 47 کەس
فەخرەدین کۆجا، وەزیری تەندروستیی تورکیا رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە 29 کەسی دیکە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و کۆی ژمارەی تووشبووان گەیشتە 47 کەس.
تاوەکو ئێستا ئەو ژمارەیە زۆرترین ژمارەی تووشبوونە لە ماوەی رۆژێکدا لە تورکیا تۆمارکرابێت.
21:05
وەزیری بەرگریی ئەمریکا و جێگرەکەی کەرەنتین دەکرێن
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن رایگەیاند، مارک ئیسپەر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا و جێگرەکەی خراونەتە کەرەنتینەوە.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، جۆنەسن راس هۆفمان، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ کاروباری گشتی ئاماری نوێی تووشبووانی کۆرۆنای لە وەزارەتەکە راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لەنێو کارمەندانی پێنتاگۆن گەیشتووەتە 37 کەس کە 18 کەسیان سەربازن.
لەبارەی دۆخی مارک ئیسپەر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا و ریچارد سپێنسەر، جێگری ئیسپەر، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ کاروباری گشتی گوتی، لە شوێنێک دەمێننەوە، کەس بەرکەوتنی فیزیکی لەگەڵیان نییە و کارەکان لە رێگەی تێلی کۆنفرانس و تەلەفۆنەوە ئەنجامدەدەن.
بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە ئەمریکا، خەڵكێکی زۆر روویان لە مارکێتەکان کردووە و کەلوپەل دەکڕن کە بەشێکیان بۆ زەخیرەکردن دەیکڕن لەترسی نەمانی، هۆفمان گوتی شت کڕین لە مارکێتەکان سنووردار دەکەن و رێگە بە کڕینی بڕێکی زۆر شتومەک و خۆراک لە یەککاتدا نادەن.
21:04
لە ئیتاڵیا ژمارەی مردووان بەهۆی کۆرۆناوە دوو هەزار کەسی تێپەڕاند
لە ئیتاڵیا ژمارەی مردووان بەهۆی کۆرۆناوە دوو هەزار کەسی تێپەڕاند
حکومەتی ئیتاڵیا دوایین ئاماری ڤایرۆسی کۆرۆنای بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ژمارەی مردووان بەهۆی ڤایرۆسەکەوە دوو هەزار کەسی تێپەڕاندووە.
ئامارەکان دەریدەخەن، لە 24 کاژێری رابردوودا 394 تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئیتاڵیا گیانیان لەدەستداوە و سێ هەزار و 233 کەسی دیکەش تووشی ڤایرۆسەکە بوون. ئەوەش زۆرترین ژمارەی تووشبووان و مردووانە کە ئەمڕۆ لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان راگەیێنرابێت.
بە تۆمارکردنی ئەو ژمارەیە، ژمارەی مردووان بە هۆی ڤایرۆسەکەوە لەو وڵاتە گەیشتە دوو هەزار و 158 کەس و ژمارەی تووشبووان بۆ 27 هەزار و 980 کەس بەرزبووەوە.
19:57
لە چوارچێوەی گرتنەبەری رێوشوێن دژی بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا، عەلى ئێرباش، سەرۆكى كاروبارى ئايينى توركيا لە كۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانيدا بڕيارەكانى ئەنجومەنى باڵاى كاروبارى ئايينى لەبارەی نوێژى هەينى و نوێژە فەرزەكانەوە ئاشكراكرد و دەڵێت، لەم ماوەيەدا لەبری نوێژى هەينى، تەنیا نوێژى نيوەڕۆ بەسە.
ئێرباش ئاماژەى بەوە كرد، لەم دۆخە نائاساييەدا بەردەوامبوونى نوێژى بەكۆمەڵ لە مزگەوتەكان مەترسیی بڵاوبوونەوەى ڤايرۆسەكە زياتر دەكات.
سەرۆكى كاروبارى ئايينى توركيا باسی لەوە کرد، "لەم رووەوە يەكێك لە بنەما سەرەكييەكانى ئايينى ئيسلام ئەوەيە كە نابێت ژيانى مرۆڤ بە هيچ شێوەيەك بخرێتە مەترسييەوە. بۆيە تاوەكو مەترسييەكانى بڵاوبوونەوەى ڤايرۆسى كۆرۆنا نامێنێت، هەڵپەساردنى نوێژی هەینی و سەرجەم نوێژە بەکۆمەڵەکانی دیکە بووەتە كارێكى پێويست".
هەروەها عەلى ئێرباش لەبارەی گەڕانەوەی عەمرەکارانەوە ئاماژەی بەوە کرد، "بە سەرپەرشتیی بەڕێوبەرایەتییەکەمان تەواوی ئەو هاووڵاتییانەی گەشتی عەمرەیان کردووە گەڕاونەتەوە تورکیا".
هەروەها سەرۆكى كاروبارى ئايينى توركيا ئەوەی خستەڕوو كە ئەمڕۆ ئەو 390 هاووڵاتييەی تورکیا كە لەڕێگەى كۆمپانيايەكى گەشتياریی تايبەتەوە چوون بۆ سعووديە، دەگەڕێنەوە و كەرەنتينە دەکرێن.
19:28
وەزیری تەندروستی: سێ کەسی دیکە لە سلێمانی تووشی کۆرۆنا بوون
وەزیری تەندروستی: سێ کەسی دیکە لە سلێمانی تووشی کۆرۆنا بوون
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، لە بەردەوامی پشکنینەکان و گەڕان بەدوای گومانلێکراوان، سێ تووشبووی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری سلێمانی دەستنیشانکران.
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی تەندروستی، ئەو سێ تووشبووە نوێیە، یەکێکیان منداڵێکی چوار ساڵانە لە شارۆچکەی تەکیە و کوڕە کە لە ئێران گەڕاوەتەوە.
یەکێکی دیکە لە تووشبووەکان ئافرەتێکی تەمەن 27 ساڵانە و خەڵکی سلێمانییە. تووشبوویەکی دیکەشیان ئافرەتێکی تەمەن 45 ساڵانە و خزمی ئەو مامۆستا ئایینییەیە کە لە سلێمانی بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانی لەدەستدا.
بە تۆمارکردنی ئەو سێ تووشبووە نوێیە، ژمارەی تووشبووان لە هەرێمی کوردستان گەیشتنە 37 تووشبوو، نۆ تووشبوویان چاکبوونەتەوە و کەسێکیش گیانی لەدەستداوە. وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، دۆخی تەندروستیی زۆربەی تووشبووان جێگیرە.
19:25
پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکووک لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لە سبەی سێشەممە 17-3-2020 تاوەکو 23-3-2020 قەدەخەی هاتووچۆ لە پارێزگای کەرکووک دەستپێدەکات.
راکان سەعید جبووری، پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت لەبارەی قەدەخەی هاتووچۆکەوە دەڵێت، بەمەبەستی رێگریکردنە لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
بەپێی بڕیارەکەی راکان جبووری، هاتووچۆی سەرتاسەری لە پارێزگای کەرکووک قەدەخەدەکرێت کە لە کاژێر 06:00ـی ئێوارەی رۆژی سێشەممە دەستپێدەکات و بۆ ماوەی حەوت رۆژ بەردەوام دەبێت.
هاوکات لەسەرجەم دامودەزگەکانی پارێزگاکەدا پشووی فەرمییە، تەندروستی کەرکووک و بەرگری شارستانی دەستبەجێ، دەست دەکەن بە کاری پاککردنەوەی تەندروستیی سەرجەم فەرمانگە و گەڕەکان و سەرجەم پارێزگاکە، بەڵام پشووەکە دەزگا ئەمنییەکان، تەندروستی و بەرگری شارستانی ناگرێتەوە، کارمەندانی شارەوانیش بەردەوام دەبن لە کاری پاککردنەوە.
لە کەرکووک حەوت کەس تووشی کۆرۆنا بوون، شەش کەسیان چاکبوونەتەوە و نێردراونەتەوە ماڵەوە، تەندروستیی کەرکووکیش دەڵێت، پشکنینیان بۆ سێ گومانلێکراو کردووە و ئەمڕۆ دووشەممە 16-3-2020 ئەنجامەکانیان ئاشکرا دەکەن.
زیاتر بخوێنەوە
19:02
تەندروستیی رەسافە لە بەغدا رایگەیاند، حەوت کەسی دیکە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.
فەرمانگەی تەندروستی رەسافەی شاری بەغدا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەری رەسافە بۆ 22 کەس بەرزبووەوە، دوای ئەوەی حەوت تووشبووی دیکەی نوێ تۆمارکراون.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا روون کراوەتەوە، ئەو حەوت تووشبووە نوێیە چوار پیاو و سێ ژنن و دەشڵێت، تاوەکو ئێستا لە کۆی ئەو 22 کەسە هەشتیان چاک بوونەتەوە.
18:31
لە ئیتاڵیا 202 کەس بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستدا
لە ئیتاڵیا 202 کەس بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستدا
لە هەرێمی لۆمباردیای ئیتاڵیا 202 کەسی تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستدا.
تاوەکو ئێستا ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی کۆرۆناوە لە هەرێمی لۆمباردیا گیانیان لەدەستداوە گەیشتووتە هەزار و 420 کەس.
لە ئیتاڵیا نزیکەی 25 هەزار کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و نزیکەی دوو هەزار کەسیش بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
زیاتر بخوێنەوە
17:40
لە دیالە هەفتەیەک قەدەخەی هاتووچۆ راگەیێندرا
پارێزگاری دیالە لە راگەیێندراوێکدا قەدەخەی هاتووچۆی لە پارێزگاکە بۆ ماوەی هەفتەیەک رایگەیاند، ئەمەش بەمەبەستی خۆپارێزی و رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا.
نووسینگەی راگەیاندنی پارێزگاری دیالە رایگەیاندووە "بەمەبەستی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و پاڵپشت بە کۆبوونەوەی شانەی قەیرانەکان کە لە 16-3-2020 بە سەرۆکایەتیی موسەننا تەمیمی، پارێزگاری دیالە بەڕێوەچوو، بڕیاردرا هاتووچۆی سەرتاسەری لە پارێزگای دیالە قەدەخە بکرێت، کە لە کاژێر 11ی سبەی شەو سێشەممە 17-3-2020 دەستپێدەکات و تاوەکو کاژێر 11ی شەوی دووشەممە 23-3-2020 بەردەوام دەبێت".
هاوکات لە سەرجەم دامودەزگاکانی پارێزگاکە لە سبەی سێشەممە تاوەکو رۆژی 23ی مانگ پشووی فەرمییە، بەڵام پشووەکە دەزگا ئەمنی و تەندروستی و خزمەتگوزارییەکان ناگرێتەوە، هاوکات غازفرۆشان و رۆژنامەڤانان دەتوانن هاتووچۆ بکەن، هەروەها جووڵەی بازرگانی تایبەت بە خواردەمەنی ئاسایی دەبێت.
17:31
ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە میسر گەیشتە 150 کەس
وەزیری راگەیاندنی میسر ئاماری نوێی تووشبووانی کۆرۆنای لە وڵاتەکەی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەکات، ئەو کەسانەی تووشی ڤایرۆسەکە بوون ژمارەیان گەیشتووەتە 150 کەس و سێ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
17:10
بەمزووانە تیمێک لە پزیشکە پسپۆڕەکانی چین دەگەنە هەرێمی کوردستان
تیمێک لە پزیشکانی چین لە شاری ووهان. وێنە: AFP
کۆنسوڵخانەی چین لە هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، بەمزووانە تیمێکی پزیشکانی پسپۆڕی چینی لە بەغداوە دێنە هەرێمی کوردستان و چەند رۆژێک دەمێننەوە بۆ هاوکاریکردنی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا.
نی رۆچی، کۆنسوڵی گشتیی چین تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، تیمێکی پزیشكیی پسپۆڕیان ئێستا لە بەغدان و هاوکاریی حکومەتی عێراقی دەکەن لە رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا.
کۆنسوڵی گشتیی چین ئاماژەی بەوەش کرد، لە داهاتوویەکی نزیکدا دێنە کوردستان و هەموو نەخۆشخانە تایبەتەکانی کۆرۆنا بەسەردەکەنەوە، هاوکاریی وەزارەتی تەندروستی دەکەن لە پێشگیریکردن لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و چارەسەرکردنی تووشبووەکان.
نی رۆچی هیواخوازە زۆرترین سوود بە کوردستان بگەیەنن و هاوکاری وەزارەتی تەندروستی بکەن لە تێپەڕاندنی دۆخەکە و گوتی "وڵاتەکەی سێ تیمی ناردووەتە وڵاتان، تیمێک بۆ ئێران، تیمێک بۆ عێراق و تیمێکیش بۆ ئیتاڵیا، ئەمەش لەپێناو هاوکاریکردنی هەرسێ وڵات لە تێپەڕاندنی کۆرۆنا".
کۆنسوڵی گشتیی چین دەشڵێ، کۆرۆنا "دۆستە راستەقینەکانی لەیەکدی نزیکترکردەوە"، ئەمەش وەکو ئاماژەیەک بۆ دۆستایەتیی نێوان چین و کوردستان؛ باسی لەوەش کرد، چین بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتیی کوردستان دەکات بۆ زاڵبوون بەسەر کۆرۆنا.
کۆتایی ساڵی رابردوو بۆ یەکەمجار لە شاری ووهانی چین ڤایرۆسی کۆرۆنا سەریهەڵدا، دوای بڵاوبوونەوەشی دەسەڵاتدارانی چین رێوشوێنی تووندیان بۆ کۆنترۆڵکردنی گرتەبەر، ئێستا بەشێوەیەکی بەرچاو ڤایرۆسەکە کۆنترۆڵکراوە و رۆژانەش دۆخەکە لە چین زیاتر بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت.
لە چین تاوەکو ئێستا 80 هەزار و 880 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، سێ هەزار و 213 کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە و 67 هەزار و 819شیان چاکبوونەتەوە.
16:20
تەندروستیی سلێمانی: پێنج تووشبووی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا چاکبوونەوە
تەندروستیی سلێمانی: پێنج تووشبووی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا چاکبوونەوە
بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە پێنج تووشبووی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سلێمانی چاکبوونەوە و گەڕاونەتەوە ماڵەوە.
د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، دۆخی تەندروستی تووشبووانی دیکەش بەرەو باشییە و ئامانجمان ئەوەیە لە نزیکترین کاتدا هەموو تووشبووان چاکببنەوە و بیاننێرینەوە.
بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی رێنمایی بۆ چاکبووانی کۆرۆنا هەیە و دەڵێت، رێنمایی تایبەتمان داوەتە ئەوانەی چاکبوونەتەوە لە کۆرۆنا، نابێت بۆ ماوەی 14 رۆژ کەس سەردانیان بکات.
لە هەرێمی کوردستان 34 کەس تووشی کۆرۆنا بوون، نۆ کەسیان چاکبوونەتەوە و کەسێکیش گیانی لەدەستداوە.
بۆ رێگریکردن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان قەدەخەی هاتووچۆ راگەیێندراوە، حکومەت و وەزارەتی تەندروستیی داوا لە هاونیشتمانییان دەکەن پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن تاوەکو لە تووشبوون بە ڤایرۆسەکە پارێزراو بن. لە کاتی پێویستیشدا پەیوەندی بە هێڵی گەرمی ژمارە 122 بکەن.
زیاتر بخوێنەوە
15:15
کۆنسوڵی چین لە کوردستان: لە 10 رۆژی داهاتوودا ژیان لە چین دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی
نی رۆچی، کۆنسوڵی چین لە هەرێمی کوردستان
کۆنسوڵی گشتیی چین لە کوردستان بە رووداوی راگەیاند، وڵاتەکەی نزیکە لە کۆنترۆڵی تەواوەتیی کۆرۆنا و ئێستا هەوڵدەدات هاوکاری ئەو وڵاتانە بکات کە ڤایرۆسەکە تێیاندا بەخێرایی بڵاودەبێتەوە.
نی رۆچی، کۆنسوڵی چین لە هەرێمی کوردستان کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەنگاوە خێراکانی چین دژی کۆرۆنا وایکرد کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسەکە بێتە دی "بۆیە ئێستا تەنیا لە 25%ـی تووشبووە نوێیەکان خەڵکی نێو چینن".
کۆنسوڵی گشتیی چین لە کوردستان ئاماژە بەوەش دەدات، لە ماوەی 10 رۆژی داهاتوودا ژیان لە وڵاتەکەی دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی و دەشڵێت "ئابووریی چین لەسەر کۆڵەگەی بەهێز بنیاتنراوە و هەر بە بەهێزی دەمێنێتەوە".
بە گوتەی کۆنسوڵی چین پلانەکانی حکومەتی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان سەرکەوتووبوون لە رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، نی رۆچی دەڵێت "لەڕووی ئابووریشەوە چین هەڵدەستێتەوە. ئێستا رێژەی %95ی کۆمپانیا گەورەکانی چین گەڕاونەتەوە سەر کاری ئاسایی خۆیان".
کۆنسوڵی گشتیی چین دەڵیت، کە کۆرۆنا لە ووهان بڵاوبووەوە، کۆمیسیۆنی تەندروستیی چین 42 هەزار پزیشك و پەرستاری راهێندراوی گەیاندە ووهان، بەمەش بە خێراییەکی پێوانەیی توانی دۆخەکە کۆنترۆڵ بکات.
14:46
دوای ئەوەی راگەیێندرا دوو هاونیشتمانیی گەڕاوەی ئێران لە خانەقین تووشی کۆرۆنا بوون، بەڕێوەبەری تەندروستیی خانەقین رەتیدەکاتەوە ئەو دوو هاونیشتمانییە هەڵگری ڤایرۆسەکە بن.
ئەمڕۆ دووشەممە 16-3-2020 بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی گەرمیان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، دوو كەس لە شارۆچكەی خانەقین تووشی كۆرۆنا بوون، بەڵام دواتر لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، د. سیروان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی گەرمیان رایگەیاند "ئەو دوو کەسە کە پیاوێک و ئافرەتێک بوون و لە ئێران گەڕابوونەوە، گومانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنایان لێ دەکرا و لە نەخۆشخانەی خانەقین پشکنینیان بۆ کراوە، ئەنجامی پشکنینی یەکێکیان دەرچووە کە نێگەتیڤ بووە و چاوەڕوانی ئەنجامی پشکنینی کەسی دووەم دەکەین کە قوتابییەکی گەڕاوەیە لە ئێران".
هاوکات بەڕێوەبەری تەندروستیی خانەقینیش رەتیدەکاتەوە هیچ هاونیشتمانییەک تووشی کۆرۆنا بووبێت و بە رووداوی راگەیاند "ئەوانە گومانیان لەسەربوو کە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا بووبن، بەڵام راست نەبوو، هیچیان تووشبووی کۆرۆنا نین".
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی گەرمیان، 60 هاونیشتمانی له کەلار خراونەتە ژێر چاودێری کە زۆرینەیان ئەو کەسانەن کە لە ئێران گەڕاونەتەوە، تاوەکو ئێستاش هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە کۆرۆنا لە گەرمیان تۆمارنەکراوە.
14:35
زیاتر لە 75%ـی ئێرانییەکان نیگەرانن لە تووشبوون بە کۆرۆنا
بەپێی راپرسییەک: ژنانی ئێرانی زیاتر لە پیاوان لە تووشبوون بە کۆرۆنا دەترسن
لەکاتێکدا بەرپرسانی ئێران رەتیدەکەنەوە هیچ ناوچەیەکی ئێران کەرەنتین بکەن و بەردەوام جەخت لە ئاساییبوونی دۆخەکە دەکەنەوە، بەڵام بەپێی راپرسییەک زیاتر لە 75%ـی ئێرانییەکان نیگەرانن لە تووشبوونی خۆیان یان کەسوکاریان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا.
لەماوەی 4 رۆژدا و لە 11-3 تاوەکو 15-3-2020 لەلایەن ناوەندی راپرسیی خوێندکارانی ئێران ( ئیسپا) لە رێگەی تەلەفۆنەوە راپرسییەک ئەنجامدراوە لەبارە تێڕوانینی خەڵکی ئێران بۆ بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا. لە راپرسییەکەدا قسە لەگەڵ 1554 کەس کراوە کە 50.1% ـیان پیاو و 49.9%ـیان ژن بوون و بەگشتی تەمەنیان نزیکەی 40 ساڵ بووە.
بەگشتی 75%ـی ئەوانەی وەڵامیان داوەتەوە بە رێژەی زۆر و یەکجار زۆر نیگەرانن لە تووشبوونی خۆیان یان یەکێک لە ئەندامەکانی خێزانەکانیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا. هەروەها راپرسییەکە دەریدەخات کە ژنان بە رێژەی 78% زیاتر لە پیاوان بە رێژەی 73% نیگەرانن لە تووشبوون بە کۆرۆنا.
بەپێی راپرسییەکە ئەوانەی تەمەنیان لەنێوان 30 بۆ 49 ساڵە زیاتر لە تەمەنەکانی دیکە نیگەرانییان هەیە کە رێژەکەی 78.3%ـە و هەرچی ئاستی خوێندەواریی خەڵک بەرزتر دەبێتەوە نیگەرانییەکانیش زیاتر دەبن. 81.3%ـی ئەوانەی بڕوانامەی باڵا و دکتۆرایان هەیە ترسیان هەیە لە تووشبوون بە کۆرۆنا لەبەرامبەردا رێژەی نیگەرانی لەوانەی ئاستی خوێندنیان کەمترە لە دیپلۆم 73.6%ـە. هەروەها نیگەرانییەکان لەنێوان ئەوانەی لە شار دەژین لەگەڵ ئەوانەی لە گوندەکان دەژین وەک یەکن و جیاوازییەکی ئەوتۆیان نییە.
ئەوەی لێرە گرنگە داخوازی خەڵکە بۆ کەرەنتینەکردنی شارەکانیان بەپێچەوانەی ئەوەی بەرپرسانی ئێران دەیڵێن کە رەتیدەکەنەوە هیچ شار و ناوچەیەکی ئێران کەرەنتین بکرێت. 89.4%ـی خەڵکی ئێران لەگەڵ کەرەنتینەکردنی ئەو شارانەن کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەشێوەیەکی بەربڵاو تێیاندا بڵاوبووەتەوە. لەوەشدا ژنان بە 92.6% زیاتر لە پیاوان بە 87.1% لەگەڵ کەرەنتینەکردنی شارەکاندان.
لەو بەشەشدا ئەوانەی لە تەمەنی نێوان 30 بۆ 49 ساڵدان بە رێژەی 92.4% زیاتر لە تەمەنەکانی دیکە داوای کەرەنتینەکردن دەکەن. هەروەها 95.7%ـی ئەو کەسانەی بڕوانامەی باڵایان هەیە وەک دکتۆرا داوای کەرەنتینەی شارەکان دەکەن و رێژەی داواکردنی کەرەنتینە لە بڕوانامەی سەرووی دیپلۆم 94.1%، دیپلۆم 90.1% و ئاستی خوێندنی ژێر دیپلۆم 84.1%ـە.
پێچەوانەی خواست و نیگەرانییەکانی خەڵک، بەرپرسانی ئێران کەرەنتینەکردنی شارەکان رەتدەکەنەوە. حەسەن روحانی سەرۆککۆماری ئێران گوتی، شتێکمان نییە بەناوی کەرەنتینەی شارەکان نە لە ئێستا و نە داهاتوو.
رووحانی رەتیکردەوە هیچ پیشەیەک یان فرۆشگایەک لە تاران و شارەکانی دیکە داخرابن و خرابێتنە کەرەنتینەوە و گوتی: "پارێزگاکان، پارێزگارەکان و بەڕێوەبەرانی تەندروستی بەهیچ شێوەیەک مافی ئەوەیان نییە بڕیار لەسەر کەرەنتینەکردن بدەن".
بەپێی ئاماری فەرمی وەزارەتی تەندروستی ئێران تاوەکو ئێستا 13938 کەس تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە 724 کەس گیانیان لەدەستداوە و 4590 کەسیش چاکبوونەتەوە.
13:48
تەندروستیی ئێران: 853 کەس بەهۆی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاند، نزیکەی 15 هەزار کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەش 853 کەس گیانیان لەدەستداوە. هەروەها چوار هەزار 996 کەس چاکبوونەتەوە.
کیانوش جەهانپوور، گوتەبێژی وەزارەتی تەندرووستیی ئێران رایگەیاند، لەماوەی 24 کاژێری رابردوو 129 کەس بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە و تاوەکو ئێستاش 14 هەزار و 991 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی پێیوایە ژمارەی قوربانییانی کۆرۆنا لە ئێران و میسڕ لە قەبارەی خۆی بچووکتر کراوەتەوە، دەڵێت "هەڵەکە هی حکومەتی ئێران نییە، چونکە سرووشتی ڤایرۆسەکە وایە دەستنیشانکردنی تووشبووانی کۆرۆنا کارێکی ئاسان نییە، بەتایبەتی لەئێراندا".
لە 19ی شوباتی ئەمساڵ لە پارێزگای قوم لە باشووری تاران یەکەم کەیسی تووشبوون بە کۆرۆنا تۆمارکرا، دوای خێرابڵاوبوونەوەی تووشبوون بە کۆرۆنا ئێستا ئێران لە پلەی سێیەم دێت لەدوای هەریەکە لە چین و ئیتاڵیا.