رووداو - هەولێر
محەممەد عەلی سپانلوو، شاعیر، رۆژنامەنووس، وەرگێڕ و رەخنەگری ناوداری ئێرانی، ئێوارەی رۆژی دووشەممە ١١ی ئایار، لە تەمەنی ٧٥ ساڵیدا لە نەخۆشخانەیەکی شاری تاران، کۆچی دواییکرد.
سپانلوو هەفتەیەک بوو بەهۆی نەخۆشیی سی و هەناسەتووندی لە نەخۆشخانە کەوتبوو.
محەممەدعەلی سپانلوو ساڵی ١٩٤٠ لە تاران لەدایکبووە و خوێندنی لە بواری مافناسی لە زانکۆی تاران تەواوکرد. یەکێک لە دامەزرێنەران و ئەندامانی چالاکی کانوونی نووسەرانی ئێران بوو. زیاتر لە ٥٠ کتێب لە بواری شیعر و چیرۆک و لێکۆڵینەوەی ئەدەبی، لە کارنامەی ئەدەبیی سپانلوودایە. جگە لەوەش بەرهەمی زۆری لە زمانی فەڕەنسییەوە وەرگێڕاوە بۆ سەر زمانی فارسی.
سپانلوو لەبەر چالاکییە ئەدەبییەکانی بەتایبەت لە وەرگێڕاندا، خەڵاتی ماکس ژاکۆبە، کە گەورەترین نیشانی کولتووریی وڵاتی فەڕەنسایە و هەروەها هێمای شەوالیەی لژیۆن دوونێری فەڕەنسای پێدراوە.
زۆربەی بەرهەمە ئەدەبییەکانی سپانلوو بۆ سەر زمانەکانی ئینگلیزی، فەرەنسی، هۆڵرندی، سوێدی و عەرەبی وەرگێڕدراون.
مەنزوومەی تاران، یەکێک لە ناودارترین بەرهەمە شیعرییەکانی سپانلووە و ئەفسانەی سیزیفی ئەلبێر کامۆ و منداڵیی سەرۆکێک لە ژان پۆل سارتەر و ئاناباز- هۆنراوەی ژۆن پرێس، لە نموونەی وەرگێڕانەکانیەتی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ