رووداو - هەولێر
رێکخراوی تۆمارکردنی باری کەسێتی ئێران دوایین ئاماری تەڵاقی لەو وڵاتە بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنێت، لە سێ وەرزدا 136هەزار حاڵەتی تەڵاق لە ئێران تۆمارکراوە.
بەپێی ئەو ئامارە لە وەرزەکانی بەهار، هاوین و پاییزی رابردوو نزیکەی 136هەزار حاڵەتی تەڵاق تۆمارکراوە.
زۆربەی حاڵەتەکانی تەڵاق لە ئێران لە چەند ساڵی یەکەمی هاوسەرگیریدا روو دەدەن، بەپێچەوانەی ساڵانی رابردوو کە تەمەنی ئەو ژن و مێردانەی تووشی تەڵاق دەبوون لە 20 ساڵ کەمتر بوو، بەپێی ئاماری نوێ، ئەو کەسانەی تەمەنیان لە نێوان 25 بۆ 34 ساڵە زیاتر تووشی جیابوونەوە بوونە.
ساڵانی رابردوو زۆرتر تەڵاق لەنێو کەم تەمەنترەکاندا باو بوو، ئەوانەی تەمەنیان 20 ساڵ و کەمتر لە 20 ساڵ بوو، بەڵام ئەمساڵ ئەمە گۆڕاوە، کچانی تەمەن 25 تا 29 ساڵ و کوڕانی 30 تا 34 ساڵ تەمەن، ریکۆردی زیاترین ژمارەی تەڵاقەکانیان شکاندووە.
بەپێی نوێترین راپۆرتێکی رێکخراوی تۆمارکردنی باری کەسیەتی ئێران، گوتراوە لە سێ وەرزی بەهار، هاوین و پایزی رابردوودا 135 هەزار و 670 حاڵەتی تەڵاق لە هەموو ئێراندا تۆمارکراوە. ئەمە واتە لە هەر 20 کاژێردا 40 ژن و مێرد ماڵئاوایی یەکجارییان لە یەکدی کردووە.
زۆرینەی تەڵاقەکان لە ئێران لە چەند ساڵی یەکەمی هاوسەرگیریدا روو دەدات، 60% کەمتر لە پێنج ساڵ پێکەوە ژیاون، %13 ی ئەو ژن و مێردانەی لێک جودادەبنەوە، کەمتر لە یەک ساڵ لە ژیانی هاوبەشیان تێپەڕبووە.
لە پارێزگای کرماشانیش بەپێی ئاماری فەرمی لە نۆ مانگی رابردوودا نزیک بە سێ هەزار و 900 حاڵەتی تەڵاق روویداوە. واتە لەهەر چوار گرێبەستی هاوسەریی، یەکیان هەڵوەشاوەتەوە.
هەر لە 9 مانگەی یەکەمی ساڵی 95ی هەتاویدا لە پارێزگای سنەش دوو هەزار و 960 حاڵەتی تەڵاق روویداوە، لە پارێزگای ورمێش لە هەشت مانگەی یەکەمی ئەمساڵدا چوار هەزار و 360 حاڵەتی تەڵاق تۆمارکراوە، بەڵام هاوکات 22 هەزار و 300 ژیانی هاوسەریش پێکهاتووە.
پێداچوونەوە: راوچی حەسەن
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ