لە ئێران بەرزبوونەوەی رێژەی تەڵاق گەیشتووەتە ئاستی نیگەرانی

06-03-2018
رووداو @Rudawkurdish
رێژەی هاوسەرگیری لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کەمیکردووە
رێژەی هاوسەرگیری لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کەمیکردووە
نیشانەکردن هاوسەرگیری
A+ A-

رووداو - هەولێر

بەرزبوونەوەی رێژەی تەڵاق لە زۆربەی پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گەیشتووەتە ئاستی جێی نیگەرانی. بەشێوەی مامناوەندی لە هەر چوار حاڵەتی هاوسەرگیری یەکێکیان تەڵاقی لێدەکەوێتەوە. کرماشان زیاترین رێژەی تەڵاقی لە رۆژهەڵاتی کوردستان تێدا تۆماردەکرێت. 

بەپێی ئاماری رێکخراوی تۆماری باری کەسێتی ساڵی رابردووی هەتاوی، لە هەر چوار هاوسەرگیری نزیک بە یەک حاڵەتیان جیابوونەوەی تێکەوتووە. واتە لە کۆی 535 هەزار و 630 حاڵەتی هاوسەرگیری 135 هەزار و 670 جیابوونەوە روویداوە.

پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ تەڵاق پارێزگای ئیلام رەوشی لە هەمووان باشترە. لە هەر 7.3 هاوسەرگیری یەک حاڵەتی جیابوونەوە روویداوە. ئیلام لەنێو هەموو پارێزگاکانی ئێران سێهەمین پارێزگا بۆ کەمترین رێژەی تەڵاقە. 

رێژەی تەڵاق لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە سێ ساڵی رابردوودا ئامارەکان زۆر نزیک لە یەکدین. بەڵام لە چاو ساڵی 2013 رێژەی تەڵاق بەرزتر بووەتەوە. ساڵی 2013 ئەگەر لەهەر 5 هاوسەرگیری حاڵەتێک بە تەڵاق کۆتایی دەهات، ساڵی 2016 لە هەر 3.9 هاوسەرگیری یەکیان تەڵاقی لێ دەکەوێتەوە.

ئەم ئامارانەوە لەو لایەنەشەوە زیاتر جێی نیگەرانییە کە لە ساڵانی رابردوودا رێژەی پێکهێنانی ژیانی هاوسەریی زۆر کەمبووەتەوە. لانیکەم لە 5 ساڵی رابردوودا هاوکات رێژەی پێکهێنانی ژیانی هاوسەری کەمبووەتەوە و لە بەرامبەریشدا رێژەی تەڵاق لە ئاستی سەرتاسەریی ئێراندا بەرزبووەتەوە.

بەپێی ئامارەکان رێژەی تەڵاق لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵی یەکەم ژیانی هاوسەریدا روو دەدەن. پارێزگاکانی رۆژهەڵات کوردستان 5 پارێزگای یەکەمی ئێرانن. لە پارێزگاکانی سنە و ئیلاملە 22%ی تەڵاقەکانی لە ساڵی یەکەمدا دەبێ. لوڕستان، کرماشان و ورمێش بە چەند پلە نزمتر لە پلەکانی دواتردا جێدەگرن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە