پاڵەوانێتی سنووکەر لە تاران بەڕێوەدەچێت

03-07-2023
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
وەرزشڤانێک لەسەر مێزێکی یاریی سنووکەر
وەرزشڤانێک لەسەر مێزێکی یاریی سنووکەر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە هۆڵێكی هێمن و ئارام لە تارانی پایتەختی ئێران، تەقەی بەرکەوتنی کیو بۆڵ بە تۆپە ملەوەنەکانی سەر مێز، زەنگی پێشکەوتنی یارییەکی نێودەوڵەتی لە وڵاتێکی پڕ قەیران لێدەدەن. پاڵەوانێتیی یاریی سنووکەر خەریکە وردە وردە ئێران دەخاتەوە سەر رێچکەی نێودەوڵەتی لە یارییە گرێدراوەکانی بلیارد.
 
محەمەد مورشیدی، ئەندامی فیدراسیۆنی بلیاردی ئێرانی دەڵێت، "لە 10 بۆ 15 تاوەکو 20 ساڵی رابردوودا ئەم وەرزشە لە ئێران زۆر گەشەی کردووە و هەواداری زۆری پەیداکردووە؛ ئێستا ئێمە لە سێ یەکەمەکانی ئاسیاین لە بردنەوەی ناسناو و میدالیا."
 
لە ئێران هەر کە باسی سنووکەر دەکرێت، یەکەم کەس بە خەیاڵی خەڵکدا دێت، 'حوسێن وەفای'یە ناسراو بە 'شازادەی ئێرانی'. گەنجە 28 ساڵییەکەی شاری ئابادان بووەتە سەرچاوەی ئیلهام بۆ سەدان هەواداری یاریی سنووکەر.
 
وەفایی لە 2022 یەکەم ناسناوی نێودەوڵەتیی خۆی لە لیستەری بەریتانیا بردەوە؛ دەیەوێت لە چوارچێوەی پاڵەوانێتیی سنووکەری ئاسیا بۆ ساڵی 2023، بە گەنجانی ئێرانی بڵێت، خۆتان بەدەست قەیرانەکانەوە مەدەن و روو لە یارییەکانی بلیارد بکەن.
 
ئاشۆک شاندیلیا، راهێنەری تیمی هیندی دەڵێت، "ئەمە وەرزشێکی گەورەیە لە چین. دینگ جونهی سەرقافڵەی وەرزشەکە بوو. هەروەک چۆن لە ئێران حوسێن وەفایی لێرە لە ئێران بووەتە سەرقافڵە. بۆیە پێویستت بە یاریزانێکە لە هەمان توانا کە بتوانێت لە ئاستی باڵادا یاری بکات و هەمیشە ببێتە پاڵنەر بۆ لاوان، بۆئەوەی لاسایی بکەنەوە و زوو خۆیان بگەیێننە یارییەکە."
 
بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتیی سنووکەر لەم کاتەدا بۆ ئێران گرنگە. لە لایەک ئاماژەی سەقامگیری بە وڵاتانی ئاسیا دەدات و لە نێوخۆشدا هانی گەنجان دەدات کاتی زیاتر بۆ یارییەکە تەرخان بکەن. لەنێویاندا کچ و ژنان کە رۆژانە لە یانەکانی بلیارد دەبیندرێن و هەست بەوە دەکرێت خولیایان بۆ وەرزشەکە پەیداکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە